مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

سەرۆك هۆزەكانی ڕەققە لە نامەیەكدا هۆشداری بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەدەن كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی دیمەشق نادەن بۆ شارەكەیان و داواش لە هەسەدە دەكەن چەك ڕادەست نەكات .
سەرۆك هۆزەكانی ڕەققە، لە بارەی دەنگۆی هێرشكردنە سەر هێزەكانی هەسەدە، نامەیەكی هۆشداری ئاراستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەكەن و دژایەتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی دیمەشق بۆ شارەكەیان نیشان دەدەن و پاڵپشتی خۆشیان بۆ هەسەدە ڕاگەیاندووە و دەشڵێن “نابێت هەسەدە چەك ڕادەستبكات و دەسەڵاتی دیمەشق بگەڕێتەوە شارەكەمان.”
هاوكات ڕوانگەی سووریی بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند “نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، لەگەڵ سەرۆك هۆز و كەسایەتییەكانی شاری ڕەققە كۆبوەتەوەو جەخت لەوەكراوەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك نابێت ڕێگە بە ڕادەستكردنی چەك و كردنە دەرەوەی هەسەدە و گەڕانەوەی حكومەتی دیمەشق بدرێت بۆ شاری ڕەققە.”
لە كۆبوونەوەكەدا هەر وەكوو ڕوانگەی سووریی ئاماژەی بۆ كردووە “زیاتر لە 15 هۆزی گەورەی شاری ڕەققە و نزیكەی 50 نوێنەری پارتە سیاسییەكان و ڕۆشنبیران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێكخراوەكانی ژنان و كەسایەتییە ناوخۆیییەكان بەشداربوون، گشتیان جەختیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان بەهێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كردووەتەوە و گوتوویانە كە ئەوان كوڕ و كچانی ناوچەكەن و دەیان هەزار شەهیدیان لەپێناوی ڕزگاركردنی شارەكە لەدەستی داعش بەخشیوە.”

































































