پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ـی ئابی 1946 بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر دامەزراوە، ئەوكات ناوی پارتی دیموكراتی كورد بوو، دواتر لە كۆنگرەی سێیەم كە لە كەركووك بەڕێوەچوو، ناوەكەی گۆڕدرا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.
پارتی لە ماوەی 79 ساڵی خەباتی خاوەنی چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانییە، پارتی لە ساڵی 1961 بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوولی هەڵگیرساند، كە شۆرشێكی سەرتاسەری بوو لە كوردستان، پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد رووبەڕووی رژێمی ئەوكاتی عێراق بووەوە، كە چەندین دەستكەوتی هەبوو وەك رێككەوتنی 11ـی ئادارـی 1970ـی نێوان كورد و بەغدا، بۆ یەكەمجار دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد نرا، لە چوارچێوەی عێراقدا كۆمەڵێك ماف بۆ كورد دەستەبەركرا.
دوای ئەوەی كورد خۆی رێكخستەوە رژێمی بەعس كەوتە جمووجۆڵ، بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە لەبارببات، لە ساڵی 1975 رێككەوتنی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران واژووكرد، رێككەوتنەكە دەسەڵاتی بە ئێران دا سنوورەكانی لەگەڵ عێراق رێكبخاتەوە، ئەمەش وایكرد هاوكارییەكانی ئێران بۆ كورد كۆتاییهات و شكستی بە شۆڕشی ئەیلوول هێنا.
پارتی لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە 14 كۆنگرەی بەستووە، دوا كۆنگرەشی لە شاری دهۆك بووە.

































































