“دارستانی ههندرێن لهژێر مهترسی دایه”
زاری كرمانجی-ڕواندز:
دارستان و پاوانی ڕواندز له بڵاوكراوهیهكدا گهشتیاران هاووڵاتییان و گەشتیاران ئاگادار دهكاتهوه، بەتایبەت ئەوانەی ئێواران سەردانی دارستانی دەستکردی بناری چیای هەندرێن دەکەن.
هاوژین خوڕشید، بەرپرسی دارستان و پاوانی ڕواندز دهڵێت: “دارستانی دەستکردی بناری چیای هەندرێن لە ڕواندز نەک تەنها شوێنی سەیران و پشوودانی هاووڵاتییان و گەشتیارانە، بەڵکو سەوزاییەکی بە نرخ و ماڵی ئاژەڵ و باڵندە جۆراوجۆرەکانە، بەڵام ئەم سەوزاییە بەشێکی لەژێر مەترسی تێکچوونی ژینگەیی و ئاگر كهوتنهوه دایه، ئەگەر بەردەوام بێت، کاریگەرییەکی قوڕس لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ دەبێت، بەهۆی زبڵ و خاشاک.”.
ئاماژهی بهوهشكردووه، دارستانی دەستکردی بناری چیای هەندرێن، بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایهن دارستان و پاوانی ڕواندز، بە زەحمەت و کۆشش و پلانێکی درێژخایەن دروستکراوە.
ئهوهشی روونكردووهتهوه، ڕۆژانە لەلایهن کرێکارانی دارستان و پاوانی ڕواندز زیاتر لە 10 کیس زبڵ ( پلاستیک، شووشە، قووتی، خواردنەوەکان و پاشماوەی خواردن ) لە دارستان کۆدەکرێنەوە، بۆیە لە سەر گەشتیاران پێویستە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ، پاشماوهكان کۆبکەنەوە و بیبەنە زبڵدانە فەرمییەکان، نەهێڵن لەناو دارستان بمێننەوه.
ههروهها چهند رێنماییهكی هوشیاریی بڵاوكردووهتهوهو باس لهوه دهكات:
زبڵ و پاشماوەی خواردن دەتوانن ژینگەی ئاژەڵەکان تێکبدەن و نەخۆشی بڵاوبکەنەوە.
پلاستیک و شوشە و پاش ماوەی خواردن لە ژێر گەرمای خۆر دەتوانن ئاگر دروست بکەن، کە لە دارستانێکی پڕ لە درەخت خێرا بڵاودەبێتەوە.
- با پێکەوە بەرپرسیارێتی بگرینە ئەستۆ بۆ نەهێشتنی زبڵ و کەمکردنەوەی مەترسی ئاگر.
- پاراستنی دارستان، پاراستنی ژیان و ژینگەی هەموومانە!

































































