مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

كارەكانی كۆنفرانسی “یەكێتی پێكهاتەكان” لە حەسەكە بە كۆتا هات و لە ڕاگەیاندراوێكدا داوای داڕشتنی دەستوورێكی نوێی دیموكراسی و گەرەنتی فرەیی و بەشداری سیاسی دادپەروەرانە دەكات، هەروەها داوا دەكات كەوا سیستەمێكی لامەركەزی دابمەزرێنێت كە ڕێز لە تایبەتمەندییە كولتووری و جوگرافییەكانی هەموو پێكهاتەكانی سووریا بگرێت .
ڕۆژی هەینی 8ـى ئابی 2025، كۆنفرانسی یەكهەڵوێستی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بەشداری 500 نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیك و دامەزراوە سیاسی و سەربازیی و ئەمنییەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (كورد و عەرەب، سریان-ئاشور-كلدان، ئەرمەن، توركمان، چەركەس) لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو .
لە دەستپێكی كۆنفرانسەكە، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەیی خۆبەڕێوەبەریی وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كۆنفرانسەكە لە قۆناغێكی گرنگ و مێژوویی سووریادا ئەنجام دەدرێت و ڕاگەیاند “فرەچەشنی مەترسیی نییە، سەرچاوەی هێزە،”
لە درێژەی وتارەكەی دا، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە كرد “كۆنفرانسەكە دەرخەریی ئیرادەی زیندووی گەلە كە بە یەكڕیزیی لەدژی شەڕ و پەراوێزخستن دەوەستێتەوە و مۆدێلێكی دیموكراتیك لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و بەشداری ڕاستەقینە و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بنیات دەنێت.”
گوتیشی “پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلماندوویانە كە فرەچەشنی مەترسیی نییە، بەڵكوو سەرچاوەی هێزە، سەلماندوویانە كە پاراستنی ڕاستەقینە لە دەرەوە نییە، بەڵكوو لە ڕێگەی ئیرادەیەكی هاوبەشەوە بۆ ئاشتیی و دادپەروەریی پێك دێت، بەردەوامیی عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی تاك لایەنانە ململانێكان قووڵتر دەكاتەوە.”
كۆنفرانسی “یەكێتی پێكهاتەكان” دوای كۆتایی هاتنی كارەكانی لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێكهاتە ناوخۆیییەكان دەیان ساڵە تووشی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە بوون و پراكتیكەكانی ڕژێم لە دژی هەندێك بوار بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەسف كرد كە گەرەنتی لێكۆڵینەوەی بێلایەنانە ناكرێت.
هاوكات سەركردەی هۆزەكان و كەسایەتییە ئایینییەكانی بەشدار لە كۆنفرانسەكە، داوای دەوڵەتێكی لامەركەزی، عەلمانی، مەدەنی و خێراتركردنی یەكگرتنی ئیدارەی خۆسەر بە دەوڵەتی سووریایان كرد، هەروەها بە هەموو شێوەیەك هاندانی تائیفی و ئایینییان ڕەت كردەوە و داوای یەكڕیزی و پاراستنی ئاشتی مەدەنییان كرد.
هاوكات لە بەیاننامەكەدا (یەكێتی پێكهاتەكان) داوای پێداچوونەوە بە دابەشكارییە ئیدارییەكاندا دەكات و دەشڵێت “دەربڕینی ئیرادەیەك بۆ بنیاتنانی سووریایەكی یەكگرتوو و دیموكراسی و لامەركەزی كە ڕێز لە یاسا و كەرامەتی مرۆڤایەتی بگرێت.”

































































