دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رۆژی هەینی داهاتو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لە ویلایەتی ئالاسكای ئەمریكا كۆدەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان من، وەك سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، رۆژی هەینی داهاتو رێككەوتی 15ی ئابی 2025 لە ویلایەتی ئالاسكا بەڕێوەدەچێت.
ئەو كۆبونەوەیە لەكاتێكدایە كە پێشتر سەرۆكی ئەمریكا دوێنێی وەك دوایین وادە بۆ پوتین دیاریكردبو تاوەكو رازی بون بە كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆكرانیا.
كۆبونەوە چاوەڕوانكردنەوەی نێوان هەردو سەرۆك، دوای كۆمەڵێك روداوی دیپلۆماتی دێت لەبارەی جەنگی ئۆكرانیاوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردو، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە مۆسكۆ لەگەڵ پوتین كۆبوەوە و سەرۆكی ئەمریكاش بەتەلەفۆن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی قسەی كرد.
دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆش لە میانی دیداری لەگەڵ سەرۆككۆماری ئازەربایجان و سەرۆك وەزیرانی ئەرمەنستاندا باسی لە كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی لەگەڵ پوتین كرد.
ترەمپ ئاماژەی بە رێككەوتنێك دا كە “ئاڵوگۆڕی خاك… لە بەرژەوەندی هەردو وڵات”ی ئۆكرانیاو روسیا لەخۆبگرێت.
سەرۆكی ئەمریكا چەند رۆژێك لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا كە رێككەوتنی نێوان ئۆكرانیا و روسیا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ “زۆر نزیكە” و كۆبونەوەكەیشی لەگەڵ سەرۆكی روسیا، “دوایین دەرفەت” نییە بۆ پوتین.
ترەمپ هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە زێلێنسكی دەبێت “ئامادەی ئیمزاكردنی شتێك بێت” بۆ ئەوەی كۆتاییهێنان بە جەنگ مسۆگەر بكات. دەكرێت رێككەوتنێك “ئاڵوگۆڕی خاك” بێت، كە بۆ هەردو وڵات باشە.
بەگوێرەی كەناڵی سی بی ئێس نیوز، ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات سەرانی ئەوروپا رازی بكات بە رێككەوتنێك كە بەشێك لە خاكی ئۆكرانیا بدرێتە روسیا.

































































