مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
بە هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ چەند قوتابخانەیەك لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، قوتابخانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم هاوكارییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بێبەش نەبوونە و چەندین قوتابخانە لەو سنوورە سوودمەند بوونە، لەم ڕاپۆرتەدا باس لە گرنگی سیستەمی وزەی خۆر دەكەین.
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ 25 قوتابخانەی دیكە لە هەرێمی كوردستان دابین دەكەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پارساڵیش 10 قوتابخانە ئەو سیستەمەیان بۆ دابین كراوە. د. ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی میدیایی ئاماژەی بەوەدا: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە زۆر بواردا پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە و دەیان بینای قوتابخانە لە شار و شارۆچكەكان دروست كردووە و پێشكەشی كەرتی حكوومی كردووە، سەدان قوتابخانەی نۆژەنكردۆتەوە و بۆ دووەمین جارە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستباری كەرتی پەروەردە دەبێت لە هەرێمی كوردستان، ئەویش 25 قوتابخانەیە لە پاڕێزگاكانی هەڵەبجە، هەولێر و دهۆك كە وزەری خۆریان بۆ دابین دەكرێت و ساڵی پاریش 10 قوتابخانە كارەبایان لە ڕێگەی وزەی خۆر بۆیان دابین كراوە، بەوەش كۆی گشتییان دەبێتە 35 قوتابخانە و باسیكرد تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان 120 قوتابخانە لە ڕێگەی وزەی خۆر كارەبایان بۆ دابین كراوە.
د. ئاڵان حەمە سەعید، لە كۆتایی وتەكانیدا، وێرای سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمەكانی بەشدار لە پڕۆژەكە، جەختی لەوەش كردەوە، كە لەو پڕۆژەیە فرە پێكهاتەیی لەبەرچاو گیراوە و دەستنیشانكردنی قوتابخانەكان بۆ دابینكردنی وزەی خۆر لەڕێگەی كارەبا، تەنیا تایبەت بە قوتابخانەكانی زمانی كوردی نییە، نموونەشی بەوە هێنایەوە، كە ڕاگەیاندنی پڕۆژەكە لە قوتابخانەیەكی سریانی بووە و پڕۆژەكە قوتابخانەی زمانی توركمانیشی تێدایە.
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، ئاشكرای كرد: دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا ساڵانە گرنگییەكی زۆری بە كەرتی پەروەدە داوە و ئەوەشی بە مایەی شانازی ناوبرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی بەشێك لە پێداویستییەكانی كەرتی پەروەردە بە هاوكاریی هاوبەشەكانی دابین بكات و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابینكردنی كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر بۆ قوتابخانەكان بەردەوام دەبێت.
مامۆستا ئەحمەد محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، بە زاری كرمانجی گوت: لە سنووری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان قوتابخانەیەك سوودمەند بووە لە هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە سیستەمی وزەی خۆری بۆ قوتابخانەی ئامادەیی زانستی كوڕان دابینكراوە، وەكو پەروەردەی چۆمان داواكارین لە هەموو قوتابخانەكان سیستەمی وزەی خۆریان بۆ دابنرێت، چونكە هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافیای دەڤەرەكە وا دەخوازێت و زۆربەی قوتابخانەكان كەوتوونەتە گوندەكان و شوێنە دوورە دەستەكان، سیستەمی خوێندنی ئێستا بۆ بەڕێكردنی كارەكانی كارگێڕی و وانەوتنەوە، بۆیە لە سەردەمی ئێستادا هەبوونی كارەبا پێویستییەكی هەنووكەیە.
ئەحمەد حەمەدئەمین قادر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: تاوەكو ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران 10 قوتابخانە سوودمەند بوونە لە سیستەمی وزەی خۆر، ئەوەش بە هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگا ناوخۆیی و بیانییەكان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكانەوە بووە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران لە پلانی دایە كە سیستەمی وزەی خۆر بۆ چەندین قوتابخانەی دیكە دابین بكات.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دەشڵێت: چەندین قوتابخانە لە سنووری ئێمە كەوتوونەتە ناوچە دوورەدەستەكان بەتایبەتی گوندەكان، ئەوانەش پێویستیان بەوە هەیە كە سیستەمی وزەی خۆر بۆیان دابین بكرێت و سوودمەند بن لەو سیستەمە، هەروەها بارگرانی زیاتریش لەسەر حكوومەت كەم دەكاتەوە، بۆیە هەوڵ دەدەین ڕێژەكە زیاتر بكەین.
ئەحمەد حەمەدئەمین قادر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: سیستەمی وزەی خۆر گرنگییەكی زۆری هەیە و هاوكار دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و باشتر گەیاندنی پەیام و مەنهەجی خوێندن، هەروەها ئەو سیستەمە وادەكات بارگرانی لەسەر حكوومەت كەم بكاتەوە بەتایبەت بۆ ئەو گوندانەی دوورەدەستن و هەڵكەوتەی جوگرافیای سەختیان هەیە بەتایبەتی لە وەرزی زستان و سەختی كەشوهەوا ئاستەنگی جوگرافیای ناوچەكە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ دابینكردنی وزەی پاك و بەهێز بۆ قوتابخانەكان و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە.
لەلای خۆیەوە ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، بە زاری كرمانجی گوت: دانانی وزەی خۆر لە هەموو جیهان كارێكی باشە و سیستەمێكی باشە بۆ هاوكاری حكوومەت كە كەمێك بارگرانی لەسەر كارەبا كەم بێتەوە و دەتوانێت سوودیش لەو تاقەشەمسیانە وەربگیرێت كە هاووڵاتییان بەكاری دێنن، لە هەمان كاتدا پارەشیان بۆ دەگەڕێتەوە، خەڵكێكی زۆریش لە ئێستادا سیستەمی وزەی خۆر بەكاردەهێنن، چونكە پارەیەكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و لە هەمان كاتیشدا حكوومەت لێی سوودمەند دەبێت.

































































