زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەیەكە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕێگەی بڕیارێكەوە كە سەرجەم شارەوانییەكانی سنوورەكەی لێ ئاگادار كردۆتەوە، بە فەرمی دروستكردنی خانوو لە قەزا و ناحییەكانی ڕاگرتووە، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێ كەوتۆتەوە و بەهۆكاری نەبوونی خانووی كرێ و بەرزبوونەوەی نرخی دەزانن .
باوكی ڕێبوار هاووڵاتییەكی قەزای سیدەكانە، دەڵێت، چەند ساڵێكە لە هەوڵدام تا پارەی پێویست بۆ دروستكردنی خانوو كۆبكەمەوە، كەچی لە شارەوانی پێیان ڕاگەیاندین كەوا دروستكردنی خانوو بە هەموو شێوەیەك ڕاگیراوە تا ئەو كاتەی زەوی و خانوو لە سیدەكان تاپۆ دەكرێن .
ئەو هاووڵاتییە، دەڵێت، ئێمە تاوانمان چییە كەوا حكوومەت تاپۆی نەهێناوەتە سیدەكان، زەوی و خانووی تاپۆ نەكردوون،، لە هەمان كات لە كاتی دروستكردنی خانووش لەلایەن لیژنەی شارەوانی كەشفی زەویەكە دەكرێت، ئەگەر هیچ زێدەڕۆی تێدابێت هەر ڕێگە نادەن بیكەینە خانوو، نازانین ئەو بڕیارەی مۆڵەت نەدان بۆ دروستكردنی خانوو بۆچی دەركراوە و ئامانجیان چییە، ئەی ئەو هەموو خانووەی پێشتر چۆن لە سیدەكان دروستكراون .
فارس سەباح هاووڵاتییەكی دیكەیە لە سنووری ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” ئەو بڕیارە بە هەموو شێوەیەك لە دژی خەڵكی كرێچی و هەژار و كەمدەرامەتانە، كرێچی هەیە چەندین ساڵە تا زەویەكی كڕیوە و بەنیازە بیكاتە خانوو كەچی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سۆران ڕێگری لێ دەكرێت و ناهێڵن خانوو دروست بكات، لەلایەكی دیكەوە بە هۆی كەمی خانوو نرخی كرێش بەردەوام لەبەرز بوونەوە دایە.
زیاتر گووتی:” داوا لە لایەنی پەیوەندی دارو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەین، ئەو بڕیارە ڕابگرێت و هەڵبوەشێنێتەوە، بەڕاستی گرفتی زۆری بۆ دروستكردووین، پێویستە حكوومەت هەوڵی ئەوە بدات خەڵك خانوو بۆخۆیان دروست بكەن و ئاسانكاری دروست بكەن نەك ڕێگری.
لای خۆیەوە، خەسرۆ ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” سەرجەم ئەو زەویانەی كە تاپۆیان نییە لە سنووری 22 شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییمان دروستكردنی خانوو بەفەرمی ڕاگیراوە و هەر كەسێك خانوو دروست بكات دەچێتە چوارچێوەی زێدەڕۆیی.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” ئامانجمان لەو بڕیارە پاراستنی سەرۆك شارەوانییەكانە لە گرفتە یاساییەكان، چونكە لە دەسەڵاتی هیچ سەرۆك شارەوانییەكدا نییە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بەو هاووڵاتییانە بدەن كەوا موڵكەكانیان تاپۆ نییە، بۆیە لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی گونجاو.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، دەشڵێت:” ئەگەر سەنەدی تاپۆ نەبێت، ناتوانرێ بە میكانزمێكی دیكە ڕێگە بە هاووڵاتییان بدەین خانوو دروست بكەن، بۆیە نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و چۆنیەتی ڕێگە پێدان بۆ دروستكردنی خانوو لە قەزا و ناحیەكان كە هێشتا زەویەكانیان تاپۆ نەكراون .
گووتیشی:” لە ئێستادا بەشێوەی ئەو ڕێنمایی و بڕیارەی لەبەردەستمانە، پێویستە لە سنووری 22 شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، نەخشەی كەرتی دروست بكرێت و خانوو و زەوی هاووڵاتییان تاپۆ بكرێت، ئەوكات مۆڵەت و ڕێگە پێدان بە هاووڵاتییان بدرێت بۆ دروستكردنی خانوو”.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە شەش قەزا و 13 ناحیە و سەدان گوند پێكدێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و سەرۆكایەتی شارەوانی لە سەنتەری سۆرانن و 22 شارەوانی دیكە لە دەورووبەری سۆران، لەسەرجەم شارەوانییەكانی ناوچەكە دروستكردنی خانوو ڕاگیراوە و تەنها ڕێگە بەوانە دەدرێت كەوا زەویان تاپۆیە.

































































