
ئێوارەی رۆژی دووشەممە میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا بەتەواوەتی کەرتی غەززە داگیربکات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی گەمارۆدراو فراوانتر بکات.
سەرچاوەیەک لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ڕاگەیاند، نەتانیاهۆ بڕیاری داوە کە کەرتی غەززە بە تەواوی داگیر بکات، لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنەکان لەو ناوچانەی کە بارمتەکان تێیدا ڕاگیراون.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران پەیامەکەی گەیاندە جەنەڕاڵ عیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و دەڵێت: “ئەگەر ئەمە بۆ تۆ گونجاو نییە، ئەوا پێویستە دەست لەکاربکێشیتەوە”.
هاوكات کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە ” بڕیارەکە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ستراتیژی ئیسرائیل لە غەززە، ئێستا پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکان ناوچە چڕەکانی دانیشتووان بکەنە ئامانج، لەنێویاندا کەمپەکانی پەنابەرانی ناوەڕاست”.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە دێت کە دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ناوبژیوانان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە دۆحە گەیشتە بنبەست.
لە هەمان کاتدا هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس لە پێشڕەوی تانکەکانی ئیسرائیل دەکەن لە نزیک میحوەری نەتزەریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە.

































































