ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
دوای ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دیزاینكردنەوەی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە فەرمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شەلالی گەلی عەلیبەگ، جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە ڕاگەێندرا.
گەنجان و دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگەكان لە ڕێگەی زاری كرمانجییەوە، خوازیارن بە جێبەجێكردن و تەواوكردنی پڕۆژەكە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری گەشتیاری و ئابوورییەوە پێشوەچوونی باش بەخۆیەوە ببینێت و بچێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر و دەرفەتی رەخساندنی هەلی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە بڕەخسێنێت، داواكاریشن زیاتر ئەو كەسانەی لە پڕۆژە گەشتیارییەكان كاردەكەن خەڵكی خۆجێی ناوچەكەبن نەك كرێكارو كەسانی بیانی.
لای خۆیەوە هەژار یونس، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت: بەپێی ڕێنماییەكان ئەو كرێكارانەی كە لە كارگەو بازاڕ شوێنە گشتییەكان كاردەكەن، دەبێت 75% كرێكاری ناوەخۆیی بن تەنها 25% كرێكاری بیانی مۆڵەتی كاركردنیان پێدەدرێت، هەروەك خاوەن پڕۆژە و ماركێت و گشت شوێنەكانی دیكە ئاگادار كراونەتەوەو ئەو ڕێنماییەیان پێدراوە پێویستە پابەندی بڕیارەكە بن، بە پێچەوانە لێپێچینەوەی یاسایان لەگەڵ دەكرێت.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: دوو ساڵ پێش ئێستا تیمێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان كرد بە مەبەستی ئامادەكردنی ماستەرپلانێك بۆ پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەكە. دواتر ماستەر پلانەكە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكوومەت و لایەن تیمێكی پسپۆڕی نێودەوڵەوتییەوە، بە ستانداردێكی جیهانی و مۆدێرن، ئامادە و دیزاینی بۆ كرا بەمەبەستی جێبەجێ كردنی قۆناغ بە قۆناغ.
ئاماژەی بەوەشدا: دوای ئامادەكارییەكان ڕۆژی 24ـی تەممووزی 2025، لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ، وەكوو هەنگاوی یەكەم دەستمان بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە كردووە، چەند ڕۆژێكە ئەو شوێنە گەشتیارییە داخراوە و كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكرێت، كە یەكێكە لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاكێشەكانی هەرێمی كوردستان و وەك ناسنامەیەكە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەڤەرەكە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشكراشی دەكات: ماوەی ئەو ماستەرپلانەی ئامادە كراوە، نزیكەی پێنج ساڵە و دوای تەواوبوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی گەلی عەلیبەگ، ناوچە گەشتیارییەكانی بێخاڵ، باڵەكایەتی، سیدەكان، ڕواندز و شوێنەكانی دیكەش نۆژەن دەكرێنەوە، بەشێوازێكی سەردەمیانەو پێشكەوتوو سەردەمیانە.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێت: سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی لە نزیكەوە چاودێریی جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە دەكات، ئەمەش وایكردووە كارەكان خێراتر و باشتر بەڕێوەبچن، هەروەك ئامانجی سەرۆكی حكوومەت ئەوەیە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قاڵبە لۆكاڵییەكەی بێتە دەرەوە و بچێتە نێو قۆناغێكی پێشكەوتووتر و بتوانێت زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ خۆی ڕابكێشێت.
ئەوەشی خستەڕوو: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كۆڵەكەی ژینگەیی و مێژوویی لەبارەی هەیە، بۆ ئەوەی دوای جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە، ناوچە گەشتیارییەكانی بە نێودەوڵەتی بكرێن و ژمارەیەكی زیاتری گەشتیاران سەردانی بكەن، تەنانەت لە داهاتوودا ببێتە پایتەختی گەشتیاری كوردستانیش كە خەون و ئامانجی سەرەكیی ئێمەیە.
لای خۆیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، لە پرێسكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە گەڵی عەلیبەگ ڕایگەیاند: دوای دەربڕینی ڕەزامەندیی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی، بۆ دیزاینكردنەوەی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوازێكی مۆدێرن و بەپێی ستانداردی جیهانی، بە خۆشحاڵییەوە، لە ژێر ڕاسپاردەی جەنابیان، بە فەرمی جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكەمان ڕاگەیاند.
ئەوەشی خستەڕوو: بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری گەشتیاری و ئابوورییەوە دەچێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر و دەرفەتێكی زێڕین دەبێت بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گشتی. هەروەها دڵنیاییش دەدەینە كاسبكاران و خاوەن موڵكەكانی (بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ) كە بە هەموو شێوەیەك مافەكانیان پارێزراو دەبن و سوودیشی بۆ هەموو لایەك دەبێت.
بەهۆی هەڵكەوتەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بوونی ناوچەی شاخاوی و كوێستان و ئاو و هەوای سارد و فێنك، ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكە دەكەن، بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی گەشتیاری ڕێژەی هاتنی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی بەشێوەیەكی زیاتر ڕوو لە زیادبوون دەكات و هەلی كاریش بۆ چەندان كەس دەڕخسێت، بەمەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری گەشتیاری لە ناوچەكەدا.

































































