زاری كرمانجی – سۆران :

ئەمریكا لە بەغداد هۆشداری بە عێراق دەدات لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، دەڵێت” تێپەڕاندنی یاساكە گروپە چەكدارەكان بەهێزتر دەكات،” لای خۆشییەوە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی داوا لە پەرلەمانتارانی عێراق دەكات “یاسایی حەشدی شەعبی تێپەڕێنن.”
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا، جارێكی تر نیگەرانی خۆی سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی دووپات دەكاتەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەكە لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی ئەو بابەتەی كردوەو، نیگەرانی بەردەوامی ئەمریكای سەبارەت بە یاساكە دەربڕیوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، فەیگن جارێكی تر قسەكانی ماركۆ رۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوپاتكردەوە، كە یاسای حەشدی شەعبی، هەژمونی ئێران بە دامەزراوەیی دەكات و گروپە تیرۆریستییە چەكدارەكان بەهێزتر دەكات، ئەوەش هەڕەشە لە سەروەری عێراق دەكات.
هاوكات لای خۆشییەوە فەیاز، لە پەیامێكدا كە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە، رایگەیاند “لە ساتێكدا كە ماناكانی وەفاداری و مێژوو بەرجەستە دەبن، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی دەوەستین، بابەتێك كە پەیوەندیدارە بە شكۆی ئەو كەسانەی چەكیان هەڵگرت بۆ بەرگریكردن لە عێراق و سەروەریەكەی”.
دەشڵێت” دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی تەنیا رێكارێكی یاسایی نییە، بەڵكو دەربڕینی سوپاسگوزاری گەلە بۆ جەنگاوەرەكانی و، چەسپاندنی مافی ئەو كەسانەیە كە وەڵامی بانگەوازی مەرجەعییەتی ئایینییان دایەوەو، بە خوێنی خۆیان شكۆمەندی ئەم نیشتمانەیان نووسیوە.”

































































