ديدار- زاری كرمانجی:
یانەی ئافرەتانی سۆران چەند ساڵێكە دامەزراوە ڕاستە تەمەنێكی بچووكی هەیە بەڵام كار و چالاكی وەرزشی گەورەی ئەنجام داوە و پێگەیەكی پتەوی لە دەڤەرەكە و كوردستان دروست كردووە و چەندین كچە یاریزانی لە دەوری یارییەكان كۆكردۆتەوە و بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنان بە تایبەت لە یاری فوتساڵ.
فاتمە فەتحی، یەكێكە لە یاریزانە ئاست بەرزەكانی یاری فوتساڵ لە یانەی ئافرەتانی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: هەر لە منداڵییەوە من خولیا و حەزێكی بێ وێنەم بۆ یارییە وەرزشییەكان هەبووە و زۆر یاریزان نمونەی باڵای من بوون وایان لێ كردم زیاتر سەرسام بم بە وەرزش یەكێ لەوانە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بوو كاتێك سەیری جوڵە و یارییەكانی دەكەم زیاتر حەز بە یاری تۆپی پێ و فوتساڵ دەكەم، بۆیە دوای دامەزراندنی یانەی ئافرەتان دەرفەتێكی زێڕین بە ڕووی من و چەندین یاریزانی كچ كرایەوە كە حەزەكانمان لە ڕێگای ئەم یانەیەوە بەدیبهێنین بۆیە پەیوەندیم پێیان كرد و لە ئێستادا لە ڕیزی یانەكە یاری دەكەم.
فاتیمە گوتیشی، هیوای من پێشكەوتنی وەرزشە لەم دەڤەرە ئەمەش پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ بدات بۆ نوێكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی یاریگاكان و پشتگیری دارایی تیپە وەرزشییەكانی یانەكان و هێنانی ڕاهێنەری ئەكادیمی و بەئەزموون و نەهێشتنی گەندەڵی وەرزشی و بە گشتی پشتگیری كردنی وەرزش.
هەروەها گوتیشی، پێویستە ئافرەتان زیاتر گرنگی بە تەندروستی و چالاكی وەرزشی خۆیان بدەن و هەوڵ بدەن بۆ بەدیهێنانی بەهرەكانیان و بەردەوام بن لە ڕاهێنان و خۆڕاگربن و گوێ لە قسەی نەرێنی نەگرن و نەڕوخێن، بە دڵنیاییەوە بە پشتگیری خانەوادەیان و كەسانی تێگەیشتوو و باش دەتوانن ئەنجامی شایستە و ئامانجەكانیان بەدی بهێنن.

































































