مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، جارێكی دیكە لەسەر قاچاخچیتی نەوت هۆشداری بە حكومەتی عێراق دەدات و دەڵێ “چەند لایەنێكی سیاسی عێراقی، سەرپەرشتی چوار تۆڕی قاچاخچیتی نەوت دەكەن و بە چوار كەشتی، نەوتی ئێران بە ناوی نەوتی عێراقەوە، بە بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشنەوە و داهاتەكەشی دەدەنەوە بە ئێران،”
ئەمەریكا داوای لە عێراق كردووە ئەگەر ئەو كەسایەتییانە دەستگیر نەكرێن، ئەوە سزا دەخەنە سەر كۆمپانیای سۆمۆ و بڕی 350 ملیۆن دۆلار پارەی نەوتی عێراقیش بلۆك دەكەن.
ئەحمەد سەرجی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق و شرۆڤەكاری ئابووری لە سەر قاچاخچییەتی نەوت ڕاگەیاند “ئەو قاچاخچێتییە مەترسیی دەخاتە سەر هەناردەی عێراق، چونكە لە 95%ی داهاتی عێراق پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت،”
دەشڵێت “لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیمان بە وەزیری نەوتی فیدراڵی كردووە تا بێتە پەرلەمان و پرسیاری دەربارەی ئەم پرسە لێ بكەین.”

































































