تەنیا فەتاح-چۆمان
بە گۆتەی جوتیارانی دەڤەری باڵەكایەتی، وشكەساڵی و كەمی باران و بەفر لە ئەمساڵدا كاریگەریەكی خراپی لەسەر كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی سنورەكە هەبووە، بەوهۆیەوە جوتیاران و باخەوانانی سنورەكە دوچاری گرفتی كەمی ئاو بونەتەوەو ناتوانن وەك پێویست ئاودێری بكەن.
سەلام شوان یەكێك لە جوتیارانی سنووری باڵەكایەتی بۆ دەزگای زاری كرمانجی دەڵێت: “نەهاتنی باران و بەفر لە ئەمساڵدا بەشێكی زۆری سەرچاوە ئاویەكانی وشككردووەو كەمی كردوون، ئەوەش وای كردووە گرفت بۆ كاتەكانی ئاودێری باخەكانمان و بێستانەكان دروستبێت”.
ئەم جوتیارە ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵانی رابردوو هەرچەند باخ و بێستانێكی زۆر لە سنورەكەمان بەرهەمهێنرابوو، بەڵام گرفتی ئاودێری دروست نەدەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەشێكی زۆری سەرچاوە ئاویەكان وشك بوونە یان كەم بوونە ئەوەش وایكردووە بێ هیوا بین لە بەرهەمی ئەمساڵ كە وەك پێویست نین”.
باڵەكایەتی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیاكەی و هەبوونی چەندین سەرچاوەی ئاوی كانی و روبارەكان ساڵانە رێژەیەكی زۆری جوتیار بەربوومی كشتوكاڵی دادەچێنن، بەمەش بەناوچەیەكی كشتوكاڵی ناسراوە، بەڵام ئەمساڵ كەمی باران و بەفر گرفتی بۆ كەرتی كشتوكاڵ دروستبووە.

































































