كامەران ئیبراهیم شێروانی
كاتێك باس لە بێكاری لە سۆران دەكرێت، زۆربەی بیركردنەوەكان ڕاستەوخۆ بەرەو یەك وەڵام دەچن: “دامەزراندن نییە”. بەڵام ئەم وەڵامە سادەیە، تەنها سەری دەزووەكەیە و قەیرانێكی زۆر قووڵتری لە پشتەوە شاردووەتەوە. كێشەی ڕاستەقینە تەنها كەمبوونەوەی هەلی كاری حكومی نییە، بەڵكو ئەو “كولتووری چاوەڕوانییەیە” كە ساڵانێكە وەك ژەنگێك مێشك و وزەی گەنجانی داگرتووە. ئەم بیركردنەوەیە، كە سەركەوتنی تاك تەنها بە دامەزراندنی میرییەوە گرێ دەدات، بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەشەی ئابووریی ناوچەكە و بەفیڕۆدانی گەورەترین سەرمایەی مرۆیی.
ئەم كولتوورە، میراتیی قۆناغێكە كە كەرتی گشتی بزوێنەری سەرەكیی ژیان بوو. بەڵام ئەمڕۆ، دونیای كار گۆڕاوە و ئەو مۆدێلە ئابوورییە چیتر ناتوانێت وەڵامی پێداویستییەكانی نەوەیەكی نوێ بداتەوە. ئەنجامەكەشی ئەوەیە كە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە شێوەیەكی گشتی، گەنجان ئامادە دەكات بۆ ئەوەی ببنە فەرمانبەر، نەك كارئافرێن. بۆیە كاتێك گەنجێك زانكۆ یان پەیمانگا تەواو دەكات، لەبری ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە چۆن پسپۆڕییەكەی بكاتە پڕۆژەیەكی بچووك، دەكەوێتە ناو بازنەیەكی داخراوی چاوەڕوانییەوە كە زۆرجار بە بێهیوایی و لەدەستدانی بەهرەكان كۆتایی دێت. لێرەدا، گرنگە ئەوە ڕوونتر بكرێتەوە كە گلەییەكە لە گەنجان نییە؛ بەپێچەوانەوە، ئەزموون سەلماندوویەتی كە هەركاتێك دەرفەتێكی ڕاستەقینە بۆ كاركردن هەبووبێت، گەنجان پێشەنگ بوون لە قۆستنەوەی و سەلماندوویانە كە ئامادەن كار بكەن. كێشەكە لە نەبوونی دەرفەت و سستی بازاڕی كار و ئەو ژینگەیە كە ئاسۆی بیركردنەوەیانی كز كردووەتەوە بۆ كاركردن و بازاڕی كار. ئەمە دۆخێكی مەترسیدارە، چونكە نەك هەر تاكەكان تووشی بێزاری دەكات، بەڵكو كۆی كۆمەڵگاش لە وزە و داهێنانی گەنجان بێبەش دەكات.
چارەسەر، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییە لە شێوازی بیركردنەوەمان؛ گواستنەوەیە لە “عەقڵییەتی چاوەڕوانی” بۆ “عەقڵییەتی دەستپێشخەری”. خۆشبەختانە، سۆران و دەوروبەری خاوەنی چەندین كەرتی ئابووریی بەهێزن كە تا ئێستا وەك پێویست سوودیان لێ وەرنەگیراوە. چۆن دەتوانین كەرتی گەشتیاری لە كارێكی وەرزیی هاوینەوە بكەینە پیشەسازییەكی بەردەوامی چوار وەرزە؟ چۆن دەتوانین بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی دەشتی هەریر و ناوچەی باڵەكایەتی و بەرهەمە خۆماڵییەكانی ناوچەی بارزان، لەبری فرۆشتنیان بە نرخی هەرزان، بیانكەین بە بەرهەم و بڕاندی خۆماڵی بە كوالێتیی بەرز و بیانخەینە بازاڕەكانەوە؟ یان چۆن دەتوانین لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، سۆران بكەینە ناوەندێك بۆ كاری ئۆنلاین و خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی؟
بێگومان، وەڵامی ئەم پرسیارانە و جێبەجێكردنی ئەم گۆڕانكارییانە، تەنها ئەركی سەرشانی گەنجان نییە. بەڵكو پێویستی بە هەماهەنگییەكی نوێ هەیە لەنێوان هەموو لایەنەكاندا. زانكۆ دەبێت ببێتە پردێك لەنێوان خوێندنی ئەكادیمی و بازاڕی كاردا. ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت ڕۆڵی “ئاسانكار” ببینێت، نەك “بەرپرس لە دامەزراندن”؛ ئەویش بە كەمكردنەوەی ڕۆتین و پاڵپشتیكردنی بیرۆكە نوێیەكان. كەرتی تایبەت و سەرمایەدارانیش دەبێت بزانن كە باشترین وەبەرهێنان، وەبەرهێنانە لە وزەی گەنجاندا.
لێرەوە، وەك نووسەرێك و شارەزایەكی ئەم بوارە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم دۆخەم، هەوڵدەدەم لە ڕێگەی زنجیرەیەك بابەتی شیكارییەوە، تەنها قسە لەسەر كێشەكە نەكەم، بەڵكو نەخشەڕێگایەكی كرداری و واقیعی پێشكەش بكەم. لە بابەتەكانی داهاتوودا، بە وردی هەوڵدەدەم گوزەرێك بە ناو هەر یەك لەم كەرتانەوە و چارەسەری بەدیل و نموونەی سەركەوتوو بخەمەڕوو. ئەمە بانگهێشتێكە بۆ هەمووان تا پێكەوە بیر لە داهاتوویەكی جیاواز بۆ شارەكەمان بكەینەوە؛ داهاتوویەك كە لەسەر بنەمای كار و داهێنان بنیات نراوە، نەك چاوەڕوانی.

































































