بەپێی دەرئەنجامەکانی تاقیکردنەوەیەکی پزیشكی دەرمانێکی نوێ بەناوی (کامیزێسترانت) ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە وەستاندنی گەشەی هەندێک لە وەرەمەکانی شێرپەنجەی مەمک لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی هۆرمۆنەکانەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز، کۆمپانیای توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە دەرمانەکە بە ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی ئیسترۆجین بۆ ناو خانەکانی شێرپەنجەی مەمک کاردەکات و توێژەران هیوادارن ئەم ڕێگایە بتوانێت گەشەی وەرەمە شێرپەنجەییەکان بوەستێنێت یا خاو بکاتەوە.
لەم تاقیکردنەوەدا، ئەگەری پێشکەوتنی نەخۆشییەکە بە ڕێژەی لەسەدا 52 کەم بووە لەو کەسانەی کە بەم دەرمانە چارەسەر کراون بە بەراورد لەگەڵ چارەسەرە ستانداردەکان.
توێژینەوەکە کە لەلایەن کۆمپانیای AstraZeneca سپۆنسەر کراوە، لەسەر ئەو نەخۆشانە ئەنجامدراوە کە شێرپەنجەی مەمکیان هەیە کە هۆرمۆنی پۆزەتیڤ و HER2 نێگەتیڤن؛ جۆرێکە لە شێرپەنجەی مەمک کە نزیکەی 70%ی حاڵەتەکان پێکدەهێنێت.
لە قۆناغی سێیەمی ئەم تاقیکردنەوە کلینیکییەدا، زیاتر لە سێ هەزار نەخۆش لە 23 وڵاتەوە بەشدارییان کردووە. لەم قۆناغەدا پزیشکان پشکنینی خوێنیان بەکارهێنا بۆ دەستنیشانکردنی گۆڕانکاری لە DNA ی خانە شێرپەنجەییەکان بۆ ئەوەی بزانن کام چارەسەر کاریگەرە یان بێکاریگەرە.
لە نێو ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانی کامێزسترانت یان AZD9833 یان خواردووە، گەشەی شێرپەنجە بە تێکڕا بۆ ماوەی نزیکەی 16 مانگ کۆنترۆڵ کرا، بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی 9 مانگ بۆ چارەسەرەکانی تر.
دکتۆر کاترین ئیلییۆت، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا، ستایشی ئەم پێشهاتەی کرد و بە “نموونەیەکی ڕوونی ناوبرد کە چۆن چارەسەری شێرپەنجە دەتوانرێت بگۆڕدرێت لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە”.

































































