موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
دوای دەركردنی نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و بەرپرسانی كورد چڕكراونەتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و زاری كرمانجی زانیاری دەخاتەڕوو .
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” :” هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ڕەوانەكردنی مووچەی مانگی ” 5 “ـی فەرمانبەرانی كوردستان، ئەو بابەتە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسكراوە، بە مەبەستی بۆ چارەسەر كردنی گرفتی بەردەم مووچە .
ئەو سەرچاوەیە، ئاشكراشی دەكات، سودانی دەیەوێت بە قەرز بوددجەیەك بە كوردستان بدات بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران تا ئەو كاتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەگەنە ڕێكەوتن و چارەسەری كۆتایی ، بە ئەگەری زۆرەوە بەر لە جەژن فەرمانبەرانی كوردستان مووچەی مانگی ” 5 ” وەردەگرن”.
ئاماژەشی بەوەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ لەڕێگەی دادگەی فیدڕاڵی عێراق هەوڵی چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە بدات و بابەتی مووچە بە فەرمی دوور بخرێتەوە لە هەموو ناكۆكیە سیاسیەكان، ئەگەر دادگا لەبەرژەوەندی حكوومەتی هەرێم بڕیار دەربكات، نوسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچەی 8 مانگی فەرمانبەران ڕەتدەكرێتەوە .
زاری كرمانجی زانیوەتی، لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق پارەی پێویستی هەیە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، تەنها چاوەڕوانی فەرمانە بۆ گواستنەوەی پارە بۆ سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی كوردستان .

































































