شڕۆڤەكارێكی سیاسی: بەو ڕێكەوتنە مەسرور بارزانی، پاڵپشتی حكوومەتی ئەمریكای بەدەستهێنا بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان
مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی:
دوای ئەوە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو رێكەوتنامەی گرنگ لە بواری وزە لە واشنتۆن واژوو كران، پسپۆران و چاودێرانی سیاسی ئەو ڕێكەوتننامەیە بە گرنگ ناودەبەن و دەشڵێن: ” ئەم دوو گرێبەستانە پێشكەوتنێكی گرنگ و خێران لە بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسی و هەرێمی و نیودەوڵەتییەكاندا.
د. یادگار ئیسماعیل مامۆستای زانكۆ، شرۆڤەكاری سیاسیی و شارەزای كاروباری ئەمریكا، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەو سەردانەی چەند هاوكێشەیەكی سیاسیی و ئابووری گۆڕی، بە پلە یەك بە هەوڵی خۆی پاڵپشتی حكوومەتی ئەمریكای بەدەستهێنا، بوێر و زیرەكانە توانی دەستپێشخەری بكات لە پەرەدان بە پەیوەندییە باشەكەی نێوان كوردستان و ئەمریكا، تایبەت لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بەڵام ڕەگوڕیشەی پەیوەندییەكانیش جیاواز لەهەر كات و ساتێك، بۆ تا هەتایە لەگەڵ واشنتن بەهێزتر دەكات.
گووتیشی: “كاتێك كەسایەتییەكی قەبوڵكراوی نێو كۆنگرێسی دیموكرات و كۆمارییەكان كە وەزیری دەرەوە ماركۆ روبیو، بە ئەرێنی لەسەر گرێبەستەكان دەدوێت و پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق بە هەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە، دەری دەخات سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لۆبی كردن بۆ دۆزی كورد سەركەتوو بووە، ئەو كۆڕ و كۆبوونەوە بەردەوامانەش كە چەند رۆژێكە بەردەوامن دەری دەخەن كورد لە هەر جار زیاتر هاوڕێی وڵاتێكی زلهێزە و لە هەر كات زیاتر لە وڵاتێكی زلهێز، كە ئەمەریكایە، هاوڕێی هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا: ” بەشێكی دیكەی لە لایەنی ئەرێنی هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردنی جۆرێك پەیوەندییە كە هاوتایە لەگەڵ ستراتیژی ئەمریكا دوای ترەمپ، كە پراگماتیكیانە سیاسەت و ئابووری و بازرگانی بە یەك هێڵ تەماشا دەكات و گرێبەستەكان شەرعیەتی سیاسی كوردستان زیاتر كرد، بە دەستەبەركردنی پشتگیری ئەمریكا، كۆتایی بە كۆت و بەندەكان، سنووردانان بۆ دەستدرێژییەكان و پێشێلی دەستوور و جڵەوی خواستی ناوەندی بەغدا دێت، دواجار مافە دەستوورییەكان و فیدراڵیزم بەهێزتر دەكات بەو پێیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو گرێبەستانە لە ئاستی جیا، وەزیرانی دەرەوە و وزە و ناوەخۆ پشتگیریی ئیدارەكەی ترەمپیان بەدەستهێناوە و گرنگی هەنووكەیی و درێژ مەودا بۆ سەقامگیریی داهاتووی داهات لە هەرێمی كوردستان و بازاڕی وزەی جیهان هەیە، جگە لەوەش، وەبەرهێنانی 110 ملیار دۆلاری لە غاز دەبێتە هۆی دروستبوونی هەلی كار و بوددجەی سەقامگیرتر لە چوارچێوەی فەلسەفەی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كوردستانێكی بەهێزتر و ژێرخانی ئابووری و سەقامگیركردنی ئابووری كوردستان بۆ تاهەتایە، سەردەمێك جیهان ناچارە دان بە ڕۆڵ و پیگەكەی بنێت و كوردستان لە تەك كەنداو درووگەیەكی دیكەی وزەیە و كێبڕكێ كردن لەسەر گازی كوردستان ئەمریكاش رەت دەكات.
د.مستەفا فەرزندە، مامۆستای زانكۆ، پسپۆر لە كارگێڕی كار – بازاڕگەری، لە لێدوانێكیدا بۆ زاری كرمانجی قسە لەسەر ڕێكەوتنامەكە دەكات و ئاماژەی بەوەدا :”ڕێككەوتنی هاریكاری نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەر دوو كۆمپانیای ئەمریكی ( ئێچ كەی ئێن ئێنێرجی ) و ( وێستێرن زاگرۆس) لە كەرتی نەوت و غازی سروشتی گرینگییەكی ستراتیژی و ئابووری بەرچاوی هەیە بۆ هەردوو لایەن كە دەكرێت هەردوو لایەنی ڕێكەوتنەكە بەم شێوەیە باسی لێوە بكەین: سەرەتا سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، دەكرێت ببێتە هۆی ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی كە ئەم گرێبەستانە دەتوانن ببێتە هۆی هاتنی سەرمایەی بیانی و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان،زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەكردن كە بە بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا و كەرەستەی پێشكەوتوو لە لایەن كۆمپانیا ئەمریكییەكان، هەرێم دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت و غازی خۆی باشتر بكات و هەناردەكردنی زیاد بكات، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی زیاد بوونی داهاتێكی بەردەوام وە دواجار چارسەر كردنی كێشە داراییەكان و بوارێكی تر كە دەتوانین ئاماژە پێ بدەین ئەمەش بریتیە لە بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان كە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، دەتوانێت پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرز بكاتەوە و پەیوەندییە سیاسییەكان پتەوتر بكات.
د. مستەفا فەرزندە، دەشڵێت:” ئەم ڕێككەوتنە گرنگی بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش هەیە وەك دەستگەیشتنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان بە سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان كە خاوەنی یەدەگێكی بەرچاوی نەوت و غازی سروشتیە، ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ كۆمپانیاكان بۆ فراوانكردنی چالاكییەكانیان و فراوانبوونی بازاڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت كۆمپانیاكانی بەشدار لەم ڕێككەوتنامەیدا وە هاوكاری لەگەڵ هەرێم بە دەروازەیەك دادەنرێت بۆ بازاڕی گەورەتری عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، هەروەها ئەم ڕێككەوتنامەیە سوودی كێبڕكێ بۆ ئەم كۆمپانیانە دروست دەكات لە ناوچەكەدا و دەتوانێت سوودێكی كێبڕكێ بە ئەوان ببەخشێت كە بە بەراورد بە ڕكابەرە ڕووسیی، توركی، ئێرانی، یان ئەوروپییەكان لە ناوچەكەدا، لە داهاتوودا ئەم ڕێككەوتنە دەبێتە هۆی بەردەوامیی هاوكاری درێژخایەن كە لە ئەگەری سەقامگیری ڕێژەیی سیاسی و یاسایی، ئەم هاوكارییە دەتوانێت ببێتە هاوبەشییەكی درێژخایەن و قازانجدەر.
د.سانع شەریف، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، مامۆستا لە بەشی یاسا لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” گرنگی دوو گرێبەستی نەوتی و غازی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای گەورەكەی ئەمریكی تەنها لە بەهێزكردنی لایەنی ئابووری هەرێمی كوردستان ناوەستێت، بەڵكو ئەم گرێبەستانە گرنگی ستراتیژی و سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، ئەم گرێبەستانە مانای جەختكردنەوەی ستراتیژی حكوومەتی هەرێمن لەسەر سەربەخۆیی ئابوورییەكەی و ئەم گرێبەستانەی سەرۆكی حكوومەت گرنگییەكی بەهێزی سیاسیشی بۆ هەرێم هەیە، كە مانای بەهێزكردنی بەدەستهێنانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی حكوومەتی هەرێمە،جگەلەوەش پێگەی حكوومەتی هەرێم لە ناكۆكییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیدا بەهێزتر دەكات و هەروەها نیشاندانی هەرێمی كوردستانە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەك كیانێكی دەستووری و سەقامگیر بۆ پەرەپێدان بە كەرتی وەزە لە هەرێم.
ئەوە مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەشدا: “بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستانە لە نەخشەی وزەدا كە دەكرێت پێداویستی غازی سروشتی هەم بۆ عێراق و هەم بۆ وڵاتانی ئەورووپاش پڕبكاتەوە، بەمەش هەرێمی كوردستان دەبێتە كارەكتەرێكی بەهێزی نێودەوڵەتی لە بواری وزەدا، كە ئەمە سەرنجی وڵاتانی جیهان زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان ڕادەكێشێت، بەگشتی ئەم دوو گرێبەستانە پێشكەوتنێكی گرنگ و خێران لە بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسی و هەرێمی و نیودەوڵەتیەكاندا.

































































