زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆان گوتی: لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارکردن لە کردنەوەی خاڵی سنووری کێلەشین بەردەوامە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆان، ھەژار حەکیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە دوا سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆبوونەوەیەکدا باسی کردنەوەی دەروازەی کێلەشینی کرد و تەئکیدی لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان کردەوە، بەشێکی کارەکان پەیوەندی بە وڵاتی ئێرانەوە ھەیە، لە دابینکردنی ئەمنیەتی ناوچە سنووریەکان، لای خۆشمان بە ھەمان شێوە، دروستکردنی ڕێگا و دانانی ھێزێکی ئەمنی بۆ ئەمنیەتی سنوورەکە پێویستە، چونکە ڕەزامەندی ئێران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی مەرزەکە ھەیە.
ھەژار حەکیم گوتیشی: لە ڕووی یاسایی و مەرجە پێویستەکان بۆ کردنەوەی مەرزەکە کاری لەسەر دەکرێت و دەبێتە دووەم خاڵی سنووری ئێمە لەگەڵ ئێران و سودی زۆری بازرگانی و گەشتیاریشی دەبێت بۆ دەڤەرەکە.
حەکیم باسی لەوەش کرد: لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەو ڕێگایەی بۆ ئەو مەرزە دەچێت کە ٧کم دەبێت و کەوتووەتە سنووری قەزای سیدەکان و بە دۆڵی زەردێ ناسراوە، قیڕتاو کراوە و لە داھاتوو خزمەتگوزارییەکانی تریش تەواو دەکرێن، ئەمەش دەبێتە یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
































































