زاری كرمانجی – سۆران :
ئەلێكساندەر گینسبێرگ ڕایگەیاند، ڤاكسینی ڕووسی دژ بە هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە بە سەركەوتوویی لەو پشكنینانە دەرچووە كە لەسەر مشكی تاقیگەیی ئەنجام دراون و وا بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامە بەرایییەكانی توێژینەوەكان لەسەر ڤاكسینی شێرپەنجە بخرێتە ڕوو.
میخائیل موراشكۆ وەزیری تەندروستیی ڕووسیا لەبارەی ڤاكسینەكەوە دەڵێت “ڤاكسینەكە ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەكانی پێش كلینیكیدایە، پێشبینیش دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ، یەكەم ئەنجامەكانی ئاشكرا بكرێت و دواتر تاقیكردنەوە لەسەری درێژەی هەبێت,”
ئاشكراشی دەكات كە ڤاكسینەكە بە هاوبەشی لەلایەن چەند تیمێكی زانستی لە سەنتەری توێژینەوەی پەتا و مایكرۆبایۆلۆجی گامالیا، پەیمانگای توێژینەوەی مۆسكۆ بۆ ئۆنكۆلۆژی گێرتسین، سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوەی پزیشكی بۆ ئۆنكۆلۆجی بلۆخین پەرەی پێ دراوە.
هاوكات ئەلێكساندەر گینسبێرگ ئەكادیمیستێكی ناسراوی رووسیا بەم شێوەیە قسە لەسەر ڤاكسینەكە دەكات و دەڵێ “ڤاكسینەكە لەسەر ئەو مشكانە تاقی كرایەوە كە تووشی میلانۆما بوون، توێژەران تێبینی ئەوەیان كردووە، دوای 15 ڕۆژ لە كوتان، واتە كاتێك سیستەمی بەرگریی لەش دەست بە كاركردن دەكات، جیاوازییەكی بەرچاو لە قەبارەی وەرەمەكەدا لە نێوان ئاژەڵە كوتراو و نەكوتراوەكاندا هەبووە.”
































































