زاری كرمانجی-سۆران
عەقید زەینەب شاكر عەبدولڵا دەروونناسی کلینیکی، ئەفسەری پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، نووسیویەتی: “بە شانازی و خۆشحاڵییەکی بێسنوورەوە، چاپ و بڵاوبوونەوەی یەکەمین کتێب و توێژینەوەی ئەکادیمیی خۆم پێشکەشی کتێبخانەی کوردی، توێژەران، خوێنەرانی ئازیز و سەرجەم ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکانی کوردستان دەکەم.
ئەم بەرهەمە زانستییە بەرهەمی هەوڵ، ماندووبوون و بەدواداچوونێکی مەیدانیی وردی منە، تایبەتە بە بواری دەروونناسی و لەژێر ناونیشانی: (بەراوردکردنی فاکتەرە کەسایەتی و سیستمە مێشکی – ڕەفتارییەکانی کەسانی ئالوودە بە ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ کەسانی ئاسایی) ئەنجام دراوە. ئەم توێژینەوەیە سەرەڕای ئەوەی سەرەتایەکی زانستییە لە کاروانی ئەکادیمیی مندا، هاوکات هەوڵێکی نوێ، پڕبایەخ و جدییە بۆ شیبوونەوەی یەکێک لە مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین دیاردە و ئاڵنگارییە ئافاتەکانی سەر کۆمەڵگە. هیوادارم بەرهەمەکە بێتە بەشدارییەکی بەنرخ لە دروستکردنی تێگەیشتنێکی قووڵتر، زانستییانە و سیستەماتیک بۆ چارەسەرکردنی ڕەهەندەکانی ئەم کێشەیە.
دەشڵێت: “ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی ئاوا بێ پشتیوانی، هاوکاری و هاندانی نزیکانم ئەستەم بوو، بە پێویستی دەزانم سوپاسگوزاریی بێپایانم ئاراستەی تەواوی ئەو ئازیزانە بکەم کە پاڵپشتم بوون.
گووتیشی: “هیوادارم ئەم پوختە زانستییە ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، تۆکمە و دەوڵەمەند بۆ خوێنەران و توێژەرانی بواری دەروونناسی، هەروەها ڕۆڵێکی ئەرێنی لە گەشەپێدانی ئاستی ڕووناکبیری لە کوردستاندا بگێڕێت.
ئەم بەرهەمە بەم نزیکانە دەکەوێتە بەردەست وەستاوانی زانست، بێگومان پێشوازیکردن، بەسەرکردنەوە و تێبینییە بەنرخەکانتان دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی هەمیشەیی بۆ بەرەوپێشبردنی کار و هەنگاوە ئەکادیمییەکانی داهاتوومان.


































































