شەهلا سۆفی- زاری کرمانجی:
لە جیهانی ئەمڕۆدا، ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و تەنها لە سنووری ناوماڵدا نەماوە، بەڵکو ژن بووەتە بەشێکی چاڵاک لە بازار و دام ودەزگاکاندا.
ئەم تێکۆشان و فرە ئەرکییە نوێیە، ئافرەت ڕووبەڕووی بڕیارێکی قورس دەکاتەوە لە نێوان سەرکەوتن لە کاردا و پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ ژیانی تایبەتیدا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی بەشێکی زۆری ئەو خانمانەی لە دەرەوەی ماڵ هاوشانی پیاوان کار دەکەن کەمتر گرنگی بەخۆیان دەدەن؟
بە بۆچوونی زۆربەی ئافرەتان کەمی کات هۆکارە بۆ ئەوەی نەتوانن بە پێی پێویست کات بۆ کارە تایبەتەکانی خۆیان تارخان بکەن.
سوهەیلا کە خاوەنی ئارایشگای تایبەتی خۆیەتی دەڵێت: ئێمەی ژن سەرەڕای ئەرکی دایکایەتی و کارکردن لە دەرەوە دەبێت کات بۆ هاوسەرەکەشمان تەرخان بکەین جیا لە کاری ماڵەوە وەک ئامادەکردنی خواردن، جل شووشتن مال پاککردنەوە، هتد،بەشداریکردن لە بۆنەو پرسە کۆمەڵایەتییەکان هتد… لە ئەنجامدا هەست بە ماندوێتی و فشاری زۆر دەکەین و ئەو کاتەی بۆمان دەمێنێتەوە بۆ پشوو تەرخانی دەکەین.

مەها کە ژنی ماڵەوەیە پێی وایە ئەو ئافرەتەی لە ماڵەوەیە ئەرکی سووکترە و کاتی زیاترە و کاتێکی زیاتری هەیە بۆ گرنگیدان بەخۆی.
بە بڕوای هەدیا؛ ئافرەت لە کاتی گەرانەوەی بۆ ماڵ سەرەرای ماندووێتی، دەبێت دەست بکات بە دروست کردنی خواردن و ئامادە کردنی سفرە و دوای قاپ شۆردن و خاوێن کردنی مال و جل شۆردن و دەرس و ئەرکی منداڵەکانی سەرەڕای کاتی نەخوش بوونیان و ئیتر بەس کاتی نووستن دەمێنێت بۆخۆی و ئەگەر پیاوەکەی یارمەتی نەدات ئیتر بێگومان هیچ کات بۆ خۆی و گرنگیدان بە خۆی نامینیت .
مەریەم پێی وایە، ئەو خانمامانەی کە لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن، بە شێوەیەکی حەتمی کەمتر گرنگی بە خۆیان دەدەن؛ زۆرجار بەهۆی کەمی کات، ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی، بەرپرسیارێتییەکانی کار و کاروباری ماڵەوە، کاتێکی کەمتر بۆ گرنگیدان بە خۆیان دەبێت.
لەکۆتاییدا یەکێ لە خانمان بە ناوی بەناز باسی لە خاڵێکی گرنگ کرد و گوتی: ئافرەت چ لە ماڵەوەبێت یان فەرمانبەر بێت ئەگەر لەلایەن هاوسەرەکەیەوە گرنگی پێ نەدرێت ئەوا بێگومان خۆی پشتگوێ دەخات، لە هەرشوێن و کاتێک خانمێکت بینی پۆشتەو ڕێک بوو دڵنیا بن لەوەی لەلایەن هاوسەرەکەی پشتگیری دەکرێت و گرنگی پێدەدرێت.

لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە کەمتر گرنگیدانی ئافرەتان بە خۆیان، بێباکی یان نەزانین نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەقینەی فشارە بەردەوامەکانە لە نێوان ماڵ و ئەرکی دەرەوە. گرنگیدان بە خۆی و دابینکردنی کات بۆ پشوو تەنها چێژێکی کاتی نییە، بەڵکو پێویستێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەروونی و جەستەیی. بۆیە، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی باشتری کات، و پشتگیری خێزانی هەیە، تاوەکو ئافرەت بتوانێت لە هەمان کاتدا کە ژنێکی سەرکەوتووە لە کارەکەیدا، چاودێری خۆیشی بکات و بە وزە و تینێکی نوێوە بەردەوام بێت.


































































