مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووی ناوخۆ و دارایی عێراق، هۆشداری دا لە سەرهەڵدانی پرۆژەیەكی نوێی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا و ئاشكرای كرد كە ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ساڵی 2024 دا، لە دوو هەزارەوە بۆ نزیكەی 10 هەزار چەكدار زیادی كردووە.
زوبەیدی ئاماژەی بەوەش كرد كە ژمارەی چەكدارانی داعش لە هەڵكشاندایە و هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر جەنگی ڕووسیا و ئۆكراینا كۆتایی بێت، ژمارەیەكی زۆری بەكرێگیراوانی ئەو جەنگە بۆ سووریا و ناوچەكە دەگوازرێنەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەم ڕەوتە سەرەتا بە داواكردنی مافەكان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەست پێ دەكات، دواتر دەگۆڕێت بۆ بەرزكردنەوەی دروشمی ئایینی، و لە كۆتاییشدا دەبێتە ڕێكخراوێكی چەكداری.
وەزیری پێشووی ناوخۆ هۆشداریش لە كاریگەریی وتاری ئایینی دەدات و داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكات كە بەئاگا بن لەو وتارە ئایینییانەی لەلایەن ئەجێندای دەرەكی و پارەی پیسەوە دەجووڵێنرێن وەك ئامرازێك بۆ ئەم پڕۆژە نوێیە.
جەختی لەوەش كردەوە كە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق بە واتای جێهێشتنی ناوچەكە ناهێت “چونكە واشنتن بنكەی سەربازی گەورەی لە وڵاتانی كەنداو، توركیا، ئوردن و سعودیە هەیە كە ڕێگەی پێ دەدەن لە كاتی پێویستدا بە خێرایی بگەڕێتەوە.”


































































