مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزەكانی سەر بە حكومەتی كاتیی دیمەشق، بە بەشداری زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل و سەدان چەكدار، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە (تەل عەران) هەڵمەتێكی فراوانی هەڵكوتانە سەر ماڵانیان ئەنجام داوە و ڕێگەكانی هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی شارەكەیان داخستووە و چەندین گەنجی كوردییان ڕفاندووە، لەمبارەوە هەسەدە هۆشداری توند بە حكومەتە كاتییەكەی دیمەشق دەدات .
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێكدا سەركۆنەی ئەو ڕەفتارانەی حكومەتی دیمەشق دەكات و دەڵێت “ئەم پێشێلكارییانە لەگەڵ قۆناغی ڕاگواستنی سیاسی لە سووریادا ناگونجێن.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە “بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕەفتارانە هەڕەشە لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەكات و متمانەی نێوان پێكهاتەكانی سووریا لاواز دەكات و ڕێگرە لە بەردەم بنیاتنانی دەوڵەتێكی دیموكراتیك.”
(هەسەدە) لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەی دا، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرش و پێشێلكارییەكان دەكات، هاوكات داواكاریشە تەواوی گیراوەكان تەل حاسڵ و تەل عەران ئازاد بكرێن، چارەنووسیان ئاشكرا بكرێت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆش بۆ سزادانی بەرپرسانی ئەم هێرشانە ئەنجام بدرێت.
تەل عەران دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب و یەكێكە لە كۆنترین نیشتە جێگاكانی كورد لە ناوچەكەدا.
































































