ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
میدیای فەرمیی (سێدا و سیما)ـی ئێران ڕایدەگەیەنێت، بنکەی سەربازی حەمزە سەیدولشوهەدا کۆتاییان هێناوە بە تیمێک لە گرووپەکانی “جوداییخوازی” چەکدار و لە ئەنجامی پێکدادانێک لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان شارەکانی مەهاباد و پیرانشار، چوار چەکدارییان کووشتوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو پێکدادانە بە بەشداری هێزەکانی سوپای پاسداران و بەکارهێنانی چەکی قورس ئەنجامدراوە. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، تەرمی هەر چوار چەکدارەکە، لەگەڵ ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازی، کەوتوونەتە دەست هێزەکانی سوپا.
بنکەی سەربازی حەمزە سەیدولشوهەدا لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەیدا هۆشداری داوە کە هەر هەوڵێک بۆ ناسەقامگیرکردنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای باکووری ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، وەڵامی توند و یەکلاکەرەوەی بەدواوە دێت.

































































