ئادار عەبدوڵڵا ـ زاری کرمانجی
توران خدر، بەڕێوبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: «چەندین پرۆژە و کاری گرینگ لەژێر جێبەجێکردندان لەپێناو خزمەتکردن و دابینکردنی پێویستییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
توران خدر دووپاتی لەوە کردەوە کە بوونی کۆمەڵگەی دایک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەش کردووە و تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی پێویستییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابین بکات، بە تایبەتی لە بواری شیان و ڕاهێنان بۆ منداڵانی نابیست، نابینا و منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەماهەنگییەکی باش لەنێوان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی دایک هەیە، و هەوڵ دەدرێت خزمەتەکان زیاتر بکرێن بۆ خزمەتکردنی منداڵان و خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا، توران خدر دەستخۆشییەکی تایبەتی ئاراستەی ستاف و بەڕێوبەرایەتی کۆمەڵگەی دایک کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بە دڵسۆزی و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بە هەموو ئەو چین و توێژانە دەکەن کە پێویستیان بە خزمەتەکانی ئەم کۆمەڵگەیە هەیە.

































































