مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ی ئێرانی لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی كردەوە كە “وڵاتەكەی ئازادە لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی سەروەت و سامانە بلۆككراوەكانی و داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی.”
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سامانە ئازادكراوەكانیانەوە ڕایگەیاند “هەر چۆنێك خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی وڵات بكات، ئێمە بەو شێوەیە بڕیاری لەسەر دەدەین و وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەش لەسەر بنەمای گونجاویی نرخ و كوالێتی، بڕیار لە كڕینی كاڵاكان دەدەن.”
هاوكات بەقایی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی كۆتوبەند دەكەن لەسەر چۆنیەتیی خەرجكردنی سامانە ئازادكراوەكانی ئێران گوتی “پێشتر دەیانگوت فەلسەفە و ئامانجی جەنگ لەناوبردنی شارستانییەت و ڕووخاندنی ئێرانە، كەچی ئێستا بچووك بووەتەوە بۆ دەوڵەمەندكردنی جووتیارانی ئەمریكی، ئەوە بۆ ئێمە جێگەی سەرنجە .”

































































