ئامادەکردنی: شیتاڵ عبدالعزیز جمیل
ئەو دیاردەیەی ئەمڕۆ لە زۆرێک لە کایە زانکۆییەکاندا دەبینرێت، کە تێیدا مەراسیمی دەرچوون لە وێستگەیەکی مەعریفیەوە کورتکراوەتەوە بۆ کێبڕکێیەکی توندی “نمایشگەری”، ئاماژەیەکی پڕ مانا و جێگەی سەرنجە بۆ گۆڕانی بەهاکان لە ناوەوەی تاکدا. کاتێک قوتابیەک بۆ بەرهەمهێنانی کلیپێکی چەند چرکەیی، پەنا بۆ کرێگرتنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەبات، یان خێزانەکان دەخرێنە ژێر باری قورسی کڕینی جلوبەرگی لوکس، ئاڵتوون و سازکردنی مەراسیمی پڕ خەرجی میوانداری، لە ڕاستیدا پەردە لەسەر جۆرێک لە “نامۆبوون لە خود”لادەبات؛ ئەمە گوزارشتە لەوەی کە تاک متمانەی تەواوی بەو “کەسایەتیە زانستیە” نیە کە چوار ساڵ بۆ بونیادنانی تێکۆشاوە، بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی “خودی ساختە”و شوناسە مادیە کاتیەکانەوە ئەو بۆشایە مەعنەویە پڕ بکاتەوە.
لێرەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە: بۆچی بەشێک لە ناوەندە زانستیەکان نەیانتوانیوە “سیقە بەخۆبوون”بەو جۆرە لە دەروونی قوتابیدا بنیات بنێن کە زانست وەک کەرامەتێکی مرۆیی ببینێت نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی بڕوانامە؟ کاتێک سیستەمی خوێندن زیاتر جەخت لەسەر لایەنی چەندایەتی و “ژمارە” دەکاتەوە نەک پێگەیاندنی “ڕۆشنبیر”، قوتابی لە ناوەوە هەست بە جۆرێک لە بەتاڵی دەکات. ئەم هەستە بە “نەبوون” وای لێ دەکات پەنا بۆ کەرەستە مادیەکان ببات بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو هەژاریە مەعنەویە بکاتەوە. زانکۆیەک نەتوانێت بە کردەیی ئەوە بچێنێت کە “سەرمایەی کلتووری و زانستی” لە “نمایشی کاتی”شکۆدارترە، لە یەکێک لە گرنگترین ئەرکە پەروەردەیی و دەروونیەکانی خۆیدا ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە بووەتەوە.
لە ڕوانگەی دەروونناسی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم ڕەفتارە بەرەنجامی “پەستانی کلتووری بینینە”؛ کاتێک لەژێر کاریگەری مۆدێرنیتەدا بەهای مرۆڤ بە “خاوەندارێتی مادی” دەبەسترێتەوە نەک بە “سەرمایەی مەعریفە”، تاک ناچار دەبێت لە جەنگی باڵادەستی کۆمەڵایەتیدا دەمامک بپۆشێت. وەک ئێریک فرۆم، دەروونناس و فەیلەسووفی مرۆڤدۆست لە کتێبی (بوون یان هەبوون) ئاماژەی بۆ دەکات: مرۆڤی مۆدێرن وا ڕاهێنراوە كه هەست بکات ئەگەر شتێکی “نەبێت” بۆ نمایشکردن، کەواتە ئەو لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە “هیچ نیە”. ئەم تێڕوانینە وای کردووە “پۆز و دەرکەوتن” ببێتە جێگرەوەی “بوونی ڕاستەقینە”. ئەم چاولێكهریه نەرێنیە، وێرانکاریەکی دەروونی و دارایی قورس دەخاتە سەر شانی خێزانەکان؛ بەتایبەت ئەو چینانەی کە لە ململانێدان لەگەڵ بژێوی ژیان، بەڵام لەژێر فشاری “کۆمەڵگەی نمایش”دا تەسلیمی دەبن تەنها بۆ ئەوەی لە پەراوێزی چاوی خەڵکدا نەمێننەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ڕەخنەگرتن لەم دیاردەیە بە مانای دژایەتیکردنی شادی قوتابیان یان ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی سەرکەوتن نیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئەو وێستگە مەعریفیەی کە بە ماندووبوونی چەندین ساڵە بەدەست هاتووە. پێویستە شادی دەرچوون گوزارشت بێت لە بونیادنانی “خودێکی نوێ”، نەک تەنها نمایشی “خاوەندارێتیەکی کاتی” کە بارگرانیەکی زۆر بۆ خێزان و قوتابی دروست دەکات.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانرێت کە ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتی بە کلیپی ساختە، ئاڵتوون و کەرەستەی خواستن بونیاد نانرێت. وەک پەندی پێشینان دەڵێت: “بە کڵاوی خەڵک، مەچوو بۆ میوانی”؛ ئەو شکۆیەی بە شتی کاتی نمایش دەکرێت، بە کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکە دەپووکێتەوە و تەنها هەستی پووچی و بارگرانیەکی دارایی لە دوای خۆی جێ دەهێڵێت. ئامانجی سەرەکی زانکۆ تەنها تێپەڕاندنی قۆناغ نیە، بەڵکو “بنیادنانی خود”ە؛ چونکە زانستێک نەتوانێت سادەیی، متمانە و کەرامەتی مرۆییت پێ ببەخشێت، تەنها جۆرێکی ترە لە نەزانی مۆدێرن.

































































