زاری كرمانجی:
نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی ڕێکخراوەکە و تەواوی قوتابیان و لاوانی کوردستان کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر تایبەتمەندیی یادەکەی ئەمساڵ و ڕایگەیاند: “ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە هەردوو ڕێکخراوەکە دیسانەوە لەژێر یەک چەتردا کارەکانیان یەک خستووەتەوە.” ئەو ئەم هەنگاوەی بە کارێکی “گرنگ و سەردەمیانە” وەسف کرد بۆ کۆکردنەوەی وزە و تواناکان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ئەم دوو توێژە.
نێچیرڤان بارزانی بە شانازییەوە ئاماژەی بە ئەزموونی کارکردنی خۆی لە ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەدا کرد و وەک “قوتابخانەیەکی نیشتمانی” ناوزەندی کرد کە ڕۆڵی هەبووە لە پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری لێهاتوو و فێربوونی هەستی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە نیشتمان.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، لە یادی حەفتا و سێ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان:-
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و تەواوی ئەندامانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان یادی حەفتا و سێ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمی لە ئێوە و تەواوی قوتابیان و لاوانی کوردستان پیرۆز دەکەم. ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم لە ئەرک و خەباتی نوێتاندا بۆ خزمەتکردنی ئەم دوو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە شکۆدارە دەکەینەوە، کە ھەردوو ڕێکخراوی تێکۆشەری قوتابیان و لاوان، وەک مێژووە درێژ و پڕ لە سەروەرییەکەیان، دیسانەوە لەژێر یەک چەتردا کارەکانیان یەکخستووەتەوە. ئەم یەکگرتنەوەیە و گەڕانەوە بۆ خەباتی ھاوبەش، ھەنگاوێکی گرنگ و سەردەمیانەیە بۆ کۆکردنەوەی وزە و تواناکان لەپێناو خزمەتێکی باشتر. شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم کە لە ڕیزەکانی ئەم قوتابخانە نیشتمانییەدا کارم کردووە؛ لێرەوە فێری بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان بووین، کە ھەمیشە وەک ناوەندێکی گرنگی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری لێھاتوو ڕۆڵی بینیوە.
لاوان و قوتابیان بڕبڕەی پشتی داھاتووی کوردستانن. ئەرکی ئێوەی بەڕێز لەم قۆناغەدا، وێڕای داکۆکیکردن لە مافەکانتان، بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتان لە ئەستۆدایە بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکی ھۆشیار کە بڕوای بە بەھاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی ھەبێت و بە زانست و تەکنەلۆژیا ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی سەردەم. ئێمە وەک ھەمیشە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە تواناکانتان دەکەین بۆ ئەوەی بە دیدێکی نوێخوازانە و داھێنەرانە بەشداری لە بنیاتنانی ئێستا و داھاتوویەکی باشتردا بۆ کوردستان بکەن.
لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی شەھیدانی یەکێتیی قوتابیان و لاوان و تەواوی شەھیدانی کوردستان دەکەینەوە. سڵاو لە ھەوڵ و ماندووبوونی ھەموو ئەو کادیر و ئەندامانەی لە ڕابردوودا و ئێستاش خزمەتیان کردووە و دەکەن.
ھەر سەرکەوتوو بن.
نێچیرڤان بارزانی

































































