زاری كرمانجی
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە: “ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.2.12، بە سەرپەرشتی یٔومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، سەبارەت بەهاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و نرخی کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆکردن لە بارەی ڕەوشی بازاڕ و نرخ و جۆرەکانی خۆراك و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، پارێزگاری هەولێر، جەختی لە توندکردنی چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ یٔەو مەبەستەش کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەیلای خوارەوە:-
یەكەم/ لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم دەكرێتەوە و لەكاتژمێر 9ی بەیانی دەست پێدەكات.
دووەم/ لیژنەی قایٔیمقامیەتەکان، بازرگانی، شارەوانی، تەندروستی، و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر.
سێیەم/ نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان گران بکات.
چوارەم/ ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو یٔەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یاری بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن.
پێنجەم/ لە پێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتی لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانی ( خۆراک ، درمان ، مۆڵ، مارکێت ) و شوێنەکانی تری هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەی شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.
شەشەم/ لە بازگەکان چاودێری تووند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەل و پەلی ماوە بەسەر چوو هاوردەی سنووری پارێزگای هەولێر بکرێت.
حەوتەم/ تیمەکانی شارەوانی زێدەتر لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ڕێکخستنی بازاڕ و چاودێریکردنی شوێنە گشتیەکان و پاککردنەوەی نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام دەبن.
هەشتەم/ کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر و فێتەرنەری بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێو شوێنی پێویست بگرنەبەر.
نۆیەم/ هێزەکانی ( ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ ) لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و گیانی هاوڵاتیان، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.
دەیەم/ کردنەوەی بازاڕی شەوانی ڕەمەزان لە سەنتەری شار لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ڕووی ڕێکخستن و ڕێکارەکانی، ئەوساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو بە باشی و بەبێ کەم و کوڕی بەڕێوەدەبرێت.
یازدەهەم/ مزگەوتەكان تەنها لە ( 10 ) شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی و جگە لە پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات.

































































