شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
ئێسكە نەرمە یان ناتەواوی لە دروستبوونی ئێسك، كۆمەڵە نەخۆشییەكی بۆماوەییە بە رێژەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر ئێسك دەردەكەوێت، دەستەواژەی ئێسكە نەرمە واتە ناتەواوی لە دروستبوونی ئێسك، كەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە جۆرە ئێسكێكیان هەیە كە بە ئاسانی دەشكێت، بە زۆری بەهۆی پێكانێكی سادە یان بەبێ هۆكارێكی دیار، شكانە دووبارەبووەكان حاڵەتێكی باوە و لە حاڵەتە توندەكان دەكرێ رووبدات تەنانەت پێش لەدایكبوون، لە حاڵەتە سادەكان دەكرێ تەنها ژمارەیەكی كەم لە شكان رووبدات لەماوەی ژیانی كەسی تووشبوودا.
بەلایەنی كەمەوە 19 جۆر لە ئێسكە نەرمە تۆماركراون، هەندێك لە جۆرەكان جیادەكرێنەوە بەهۆی نیشانە و كاریگەرییەكانی، هەرچەندە تایبەتمەندی شكانەكانیان لە یەكترەوە نزیكن، حاڵەتە سادەكانی ئێسكەنەرمە، وەك جۆری یەكەم بە شكانی ئێسك لە ماوەی منداڵی یان هەرزەكاری وەسف دەكرێن، كە بە زۆری برینداربوونێكی بچووكە، وەك كەوتنی منداڵ لەكاتی هەوڵدان بۆ فێربوونی رێكردن، كەسانی تووشبوو بە حاڵەتە سادەكانی ئەم نەخۆشییە رەنگێكی شین یان خۆڵەمێشییان هەیە لە گلێنەی چاویان كە بە ئاسایی سپییە، هەروەها لەدەستدانی نیوەی توانای بیستن لە تەمەنی پێگەیشتندا، بە پێچەوانەی حاڵەتە توندەكان كەسانی تووشبوو بە جۆری یەك بەزۆری باڵایەكی ئاسایی یان نزیك لە ئاساییان هەیە.
جۆرەكانی دیكەی ئێسكەنەرمە توندترن، كە دەبنە هۆی زنجیرە شكانێكی ئێسك لە سەرەتای لە دایكبوونەوە بە بێ بریندار بوون یان بە برینێكی بچووك، جیاكەرەوەی زیاتری ئەم جۆرانە بریتین لە شین بوونی سپێنەی چاو، جەستەیەكی كورت، لاربوونەوەی بڕبڕەی پشت، شێواندن لە جومگەكان، لەدەستدانی قژ، كێشەكانی هەناسەدان و نەخۆشییەك كە دەبێتە هۆی ناڕێكی لە ددان.
هۆكارەكان:
ئێسكەنەرمە دەكرێ رووبدات بە هۆی بازدان لە یەكێك لە جینەكان، بازدان لە جینەكانی COL1A1 و COL1A2 هۆكاری نزیكەی %90ی حاڵەتەكانن، ئەم جینانە رێنمایی دابیندەكەن بۆ دروستكردنی پڕۆتینەكان كە بەكاردێن لە پێكهاتنی جۆری یەكی كۆلاجین، ئەم جۆرەی كۆلاجین زۆرترین جۆری پڕۆتینە لە ئێسك، پێست هەروەها بەستەرە شانەكان كە پێكهاتن و هێز بۆ لەش دابیندەكەن.
جۆری یەك لە ئێسكەنەرمە زیاتر بەهۆی بازدان بۆهێڵی COL1A1 روودەدات بەبەراورد بە بۆهێڵی COL1A2. ئەم گۆڕانكارییە لە بۆهێڵەكان دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی جۆری یەكەمی كۆلاجینی بەرهەمهاتوو لە لەشدا، هەرچەندە گەردیلەكان ئاسایین، كەمبوونەوە لە جۆری یەكی كۆلاجین دەبێتە هۆی ناسك بوون و شكانی ئێسك بە ئاسانی.
بۆماوەیی:
ئێسكەنەرمە هۆكارێكی زاڵە لەسەر لەشە كرۆمۆسۆمەكان، واتە تەنها یەك هۆكاری بۆماوە پێویستە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەكە لە باوانەوە بۆ وەچەی داهاتوو، زۆرێك لە تووشبووانی جۆری 1 و 4 كاتێك نەخۆشییەكە دەركەوتووە تیایاندا كە باوانیان تووشبووبوون، بەڵام لە جۆرە توندەكانی وەك 2 و 3 هیچ بنەچەیەكی توشبوو بوونی نییە.
چارەسەر:
لە ڕاستیدا هیچ چارەسەرێك بۆ ئەم نەخۆشییە چ لە دەرمان یان نەشتەرگەری نەناسێنراوە، بەڵام چارەسەرەكان بۆ دوو مەبەست بەكاردێن، چاككردنەوەی شكاوییەكان و شێواوییەكان، رێگەدان بە منداڵ بۆ هەڵسووكەوت كردن بە ئاسایی.
س/سایتی زانیاری گشتی