ئامادەكردن: م. ئومێد لاوكە
هەر مامۆستایەك بۆ ئەوەی پرۆسەی فێركردنەكەی بە شێوەیەكی كاریگەر و زانستی بەڕێوەببات، پێویستە پشت بە سێ قۆناغی بنەڕەتی ببەستێت كە تەواوكەری یەكترن:
١ـ پلاندانان:
یەكەم هەنگاو و بنچینەی هەر وانەیەكی سەركەوتووە. پلاندانان بریتییە لە دیاریكردنی ئامانجەكانی وانەكە، ئامادەكردنی ناوەڕۆك و كەرەستەی پێویست، هەروەها دیاریكردنی ئەو چالاكی و ڕێگایانەی كە بۆ گەیاندنی زانیاری بەكاردێن. مامۆستای زیرەك پێش چوونە پۆلەوە وێنەیەكی ڕوونی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی وانەكەی هەیە.
٢ـ جێبەجێكردن:
ئەم قۆناغە بریتییە لە خستنە بواری كرداریی ئەو پلانەی كە دانراوە لێرەدا مامۆستا تەكنیكەكانی وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنی پۆل بەكاردەهێنێت بۆ گەیاندنی زانیارییەكان و ڕاكێشانی سەرنجی فێرخوازان. جێبەجێكردنێكی سەركەوتوو پێویستی بەوەیە كە مامۆستا بتوانێت بە شێوەیەكی نەرم مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی چاوەڕواننەكراوی پۆلدا بكات و فێرخوازان بەشدار بكات لە پرۆسەكەدا.
٣ـ هەڵسەنگاندن:
قۆناغی كۆتاییە و گرنگییەكەی كەمتر نییە لەوانەی پێشوو هەڵسەنگاندن تەنها پێدانی نمرە نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی بەردەوامە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا ئامانجەكانی وانەكە پێكاون یان نا، لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنەوە بۆ نموونە: (پرسیاركردن، تاقیكردنەوەی كورت، یان چالاكی پۆل) مامۆستا دەتوانێت ئاستی تێگەیشتنی فێرخوازان بزانێت و لەسەر بنەمای ئەوە پلانی داهاتووی خۆی دابڕێژێتەوە.ئەم سێ پایەیە پێكەوە بازنەیەكی بەردەوام پێكدەهێنن كە كوالێتی پرۆسەی فێركردن و فێربوون بەرز دەكەنەوە.

































































