بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی کۆمسیۆن عێراق ستایشی ئەم پرۆسەیە دەکەن و بەراوردی دەکەن بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە سەدان سکاڵایان تێدا تۆمار کراوە.
مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تەنیا پێنج کاندید لە لایەنە جیاوازەکانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و سزادراون بە پێبژاردنی ماددی، هۆکارەکەش هەڵواسینی وێنە بووە لە شوێنی رێگەپێنەدراو. کۆمسیۆن روونی کردەوە، یەکێک لە سزاکانی بۆ سەرپێچی کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان پێبژاردنە، تایبەت بەو سکاڵایانەی کە وێنە و بانگەشەکان لە شوێنە رێگەپێنەدراوەکان دادەنرێن.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاندووە کە هیچ سەرپێچییەکی ئەوتۆیان بۆ نەهاتووە و لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە لەم هەڵبژاردنەدا بانگەشەی خۆیان دەکەن.
عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، بەراوردێک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا جیاوازییەکی زۆر نیشان دەدات لەڕووی تۆمارکردنی سکاڵای یاساییەوە. لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیاتر لە 350 سکاڵا تۆمارکراون، لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان تەنیا پێنج سکاڵا تۆمارکراوە. کۆمسیۆن ستایشی بانگەشەکاران دەکات لە هەرێم بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

































































