” لە كابینەی نۆیەم 564 پڕۆژەی جیاجیا بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار دۆلار جێبەجێ كراون”
راپۆرت-زاری كرمانجی
هاووڵاتییان دڵخۆشن بەوەی كە لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، چەندان پڕۆژەی گرینگی خزمەتگوزاری لە سەرجەم سێكتەرە جیاوازەكان ئەنجامدراون، هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانییاری بڵاوی كردەوە: لەماوەی ئەم كابینەیەدا لە تەواوی هەرێم 564 پرۆژەی جیاجیا بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار دۆلار لە سێكتەری وەبەرهێنان جێبەجێ كراون.
سەباح قادر قادر هاووڵاتییەكی سنووری ئیدارەی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت: ئەگەرچی بەهۆی شەڕی داعش و بڕینی بوددجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ببووە هۆی وەستانی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەهەرێمی كوردستان بە گشتی هەروەها دەڤەری سۆران بە هەمانشێوە، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ هاتنەكایەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە كارەوانی ئاوەدانكردنەوە بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی و چەندلن پڕۆژەی گرینگی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا جێبەجێكران و كەوتنە خزمەت هاووڵاتییان”.
هێمای بۆ ئەوەشكرد: سەرەڕایی بەربەستەكانی دەرەكی و ناوخۆیی كەچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لەسەرجەم بوارەكاندا، ئەگەر ئیدارەی سۆران وەك نموونە بهێنینەوە دەیان پڕۆژەی ستراتیجی كاركردن تیاندا بەردەوامە، هەروەها چەندین پڕۆژەی دیكەش لە بەرنامەو پلانی جێبەجێكردندان.
هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانییاری بڵاوی كردەوە: لەماوەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە تەواوی هەرێم 564 پڕۆژەی جیاجیا بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار دۆلار لە سێكتەری وەبەرهێنان جێبەجێ كراون، ئەوەش هەموو كەرتەكانی ئەو بوارەی گرتووەتەوە.
لە بواری پیشەسازیدا 142 پڕۆژە بە بەهای 3 ملیار و 649 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كراون، هاوكات لە كەرتی بازرگانیدا 142 پڕۆژە بە گوژمەی ملیارێك و 194 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كراون.
لەڕووی گەشتیارییەوە 78 پرۆژە بە گوژمەی 7 ملیار و 559 ملیۆن دۆلار و لە كەرتی نیشتەجێبوونیش 60 پڕۆژە بە گوژمەی 4 ملیار و 868 ملیۆن دۆلار ئەنجام دراون.
هەرچی پڕۆژەی سێكتەرەكانی دیكەی وەبەرهێنانە، بەمشێوەیە جێبەجێ كراون: فێركردن: 49 پڕۆژە بە بەهای 417 ملیۆن دۆلار، تەندروستی: 34 پڕۆژە، بە بەهای 366 ملیۆن دۆلار، كشتوكاڵ: 21 پڕۆژە، بە بەهای 561 ملیۆن دۆلار، وەرزشی: 14 پڕۆژە بە گوژمەی 84 ملیۆن دۆلار، هاوبەش و بیانی: 11 پڕۆژە، بە گوژمەی 5 ملیار و 154 ملیۆن دۆلار، خزمەتگوزاری: 8 پڕۆژە بە گوژمەی 100 ملیۆن دۆلار، هونەری: 3 پڕۆژە بە گوژمەی 76 ملیۆن دۆلار، بانكەكان: 2 پڕۆژە بە گوژمەی 19 ملیۆن دۆلار.
لە كۆتایدا ئەوە خراوەتەڕوو: لەم چوارچێوەیەدا لە كابینەی نۆیەمدا بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار و 53 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ كراون.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغێكی گرنگی لە گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە هەموو كەرتەكاندا بڕیوە و پرۆسەكەش بەردەوامە.

































































