ئا/ سۆران سرێشمەیی
پردە “نیان”یان پردە “میان”، دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی گوندی سرێشمە، لەسەر ڕووباری “گەورە”، لە شوێنێکی قوڵ و تەنگەبەر بە دارو ئەستری و خۆڵ درووستکراوە هەردوو سەری دارەکان بە کەڤرەکانی ئەو بەرو ئەمبەر “گیر” کراون، زۆر جاریش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بەتایبەتیش لە سەرەتاو ناوەڕاستی وەرزی بەهار پردەکە ئاو بردوویەتی و دواتر بە هەرەوەزی لەلایەن چەند پیاوێکی بازوو بەهێز درووستکراوەتەوە. ڕێگای چوون و هاتنەوە بۆ ئەو شوێنە هێندە سەختە! دژواری هەورازو لێژی نێشووەکەی مرۆڤ تاقەت پڕووکێن دەکات.”
ئەو پردە مێژوویەکی دوورو دێرینی هەیە، بەشێک لە شارەزیان پێیان وایە، لەبەر ئەوەی میر موحەمەدی پاشای گەوەری میرنشینی سۆران بایەخی زۆری بە درووستکردنی ڕێگاو پردو قەڵاو قوڵە داوە بۆیە دەگوترێ بیرۆکەی درووستکردنی وەها پردێک لەو شوێنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی”سۆران”، کە ئەو کات، وەک تاکە ڕێگەی سەربازی و بازرگانی بۆ پەڕینەوە بەرەو دەڤەری بارزان و دواتریش باکوری کوردستان بەکارهاتووە، ئێستاش بەشێک لە پاشماوەو شوێنەواری “قولە”ی جەنگاوەرانی میرنشینی سۆران لەو شوێنە بڵندانەی کە دەڕووانە سەر پردە “میان، نیان”، بوونیان هەیە، ئامانج لێی چاودێریکردن و پارێزگاریکردن بووە لەو ناوچەیە.”
هەروەها لەسەردەمی شۆڕشەکانی کورد لە باشوری کوردستان، بەتایبەتیش شۆڕشی”ئەیلول و گوڵان”، وەک یەکێک لە ڕێگا نهێنیەکان بۆ پەڕینەوەی “پێشمەرگەکان”ی شۆڕش بەکارهێنراوە.”
ئەگەرچی نەزانراوە کە ناوی پردەکە لە چیەوە هاتووە بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە پێی دەڵێن پردە “نیان”، بەشێکی تریش بە پردە “میان”، ناوی دەهێنن.”
شارەزایانی زمانی کوردی لە سرێشمە هۆکاری جیاوازی ئەو دووناوە تەنها بۆ پیتی یەکەمی ناوەکە دەگەڕێنەوە ئەگینا لای زۆرینەی خەلکی گوند بە پردە “نیان”، ناسراوەو دانعەمرەکانیش دەڵێن:”پردە نیانە نەک پردە میان.”
بەڵام ئازاد ئەبوبکر. لە کتێبەکەی خۆی بەناوی”ڕۆژە دژوارەکان”، بە پردە “میان” ناوی هێناوە.”
ئەو نووسەرە پێی وایە پردە “میانە”، میانیش واتا “نێوان”
چونکە لە نێوان دوو لا کەڤر درووستکراوە بۆیە پێی دەگوترێت، پردە “میان”
پێخەمەت، لە وەرزی بەهار بەمەبەستی ڕنینەوەی گیای بەهاری خەلکی ئەو ناوچەیە بە “پردەمیان” دەپەڕنەوەو ڕووەو کەمەری چیای “برادۆست”، هەڵدەگڕێن و لە وەرزی پایزشدا جگە لە ڕنینەوەی “قەزوان و گێوژ”، لە لایەن بەشێک لە دانیشتوانی سرێشمەو دەرووبەری، هەروەها مەڕدانی گوند بەمەبەستی پەڕاندنەوەی مەڕوماڵات و گواستنەوەی شمەک و پێویستیەکان مفا لەو پردە دەبینن. چونکە نزیکرین ڕێگایە لە سرێشمە بۆ چیای “برادۆست.”