ئەمڕۆ چوارشەممە 7/5/2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتیی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، بە گوژمەی (15 ملیار دینار) لەسەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا، لەسەر شەقامی 120 مەتری و جووتسایدی ڕەشکین، پارکی ڕەشکین لە شاری هەولێر دروست دەکرێت، كە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین پارکە سەوزەکان لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئاماژەی بەوەش كردووە: ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکە 18 مانگە، کە لە ئێستە 10% کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە، زیاتر لە 80 کرێکار و ئەندازیار ڕۆژانە لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن.
پارکەکە دوو دەرگەی سەرەکیی چوونە ژوورەوەی هەیە و چەندان بەش و خزمەتگوزاریی تایبەتی لەخۆ دەگرێت کە هاووڵاتیانی هەولێر و گەشتیاران دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
پاركەكە لە ڕووی دیزاین و شێوازی دروستکردنەوە جیاواز و مۆدێرنە، تەواوی کەلوپەل، گوڵ و دار و درەختەکانی ئەم پارکە لە وڵاتانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا هێنراون، لە نێویشدا گەورەترین نافوورە لەسەر ئاستی عێراق بە دوو پارچەی پێکەوەبەستراو لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 6 هەزار و 500 مەتر دروست دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێ: جگە لەوە، چێشتخانەیەکی گەورەش، بە براندی جیهانی تێدا دروست دەکرێت، لەگەڵ گۆڕەپانێکی هاوشێوەی شانۆی ڕۆمانی کە لەسەر ڕووبەری 8 هەزار مەتر دروست دەکرێت و توانای لەخۆگرتنی 5 هەزار کەسی هەیە و بۆ بۆنە نیشتمانییەکان و ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان سوودی لێ وەردەگیرێت.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش كردووە: بەشێکی دیکەی ڕووبەری پارکی ڕەشکین بۆ وەرزشکردن تەرخان کراوە، ڕێڕەوی تارتان بۆ ڕاکردن بە درێژاییی 1 هەزار و 450 مەتر، ڕێڕەوی پایسکلسواری بەدرێژایی ٣ هەزار مەتر چوون و هاتن دروست دەکرێت، هەروەها هۆڵێکی داخراوی وەرزشیی لەشجوانیی تێدایە کە ڕووبەرەکەی 700 مەترە و دەتوانرێت لە وەرزی زستانیشدا سوودی لێ ببینرێت.
سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەش: پڕۆژەکە، پڕۆژەیەکى گەورەى شارى هەولێرە و چەندان بەشی دیکەش لەخۆ دەگرێت، لەوانە پەرژینکردنی دەوروبەری پارکەکە بە درێژاییی 1600 مەتر بۆ پاراستنی سنووری پارکەکە. دروستکردنی گەراجی ئۆتۆمۆبێل بەتوانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 500 ئۆتۆمۆبێل، لەگەڵ ئەوەشدا شەقامێکی پان دروست کراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی لە هەردوولای شەقامەکەدا وەک گەراج سوودی لێ ببینرێت، لەگەڵ دوو عەمباری گەورەی ئاو و لێدانی دوو بیر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو و سیستەمێكی پێشکەوتووی کارەبا و ڕووناککردنەوە بۆ پارکەکە داندراوە.
ئەوەى جێگەى باسە، لەو پاركەدا دەیان هەزار درەخت و 60 هەزار مەتر چیمەن دەچێندرێ. ئەم پارکە دەبێتە سییەکانی شاری هەولێر و سەرەتای وەرزێکی نوێی گەشەپێدانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر ژینگەی شار و گەشەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، هەروەها زیادکردنى ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر کە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی پلانی ستراتیژیی گەشەپێدانی شاری هەولێرە. بەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی کوالێتی هەوای ناوچەکە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.