ئەو پرسیارەیە كە رۆژانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، لە زانستی پزیشكیدا كاتێك ئێمەی پزیشك وەڵامی چارە خوازێك دەدەینەوە دەبێت لەسەر ڕێنمایی توێژینەوەی زۆر باوەڕپێكراو و گایدلاینە جیهانیەكان بێت واتە evidence- based بێت.
هەندێك كات وڵامی پرسیارەكان بەو ئاسانیە نییە كە كەسانێك تێگەشتوون بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدرێنەوە، بەڵكو لایەنی زۆر هەلدەگرێت و روونكردنەوەی زیاتری دەوێت.
لەم بابەتەدا ئاماژە بەو پرسیارە دەكەین كە ئایا میوە ژەهرە یاخود نا؟
بە پێی گایدلاینە جیهانییەكان كە ئێمە وەك پزیشك لەسەری دەڕۆین، هیچ یەكێك لەو گایدلاینانە پێمان ناڵێت كە میوە ژەهرە، بە پێچەوانەوە بە پێی زۆربەی سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان میوەكان گڕوپێكن لە گڕوپە خۆراكییە گرنگەكان كە پێویستە بە ڕێژەی دیاریكراو لە خواردنەكانماندا هەبن، چونكە ڕاستە بەشێك لە شەكری سروشتیان تێدایە بەڵام لەگەڵیشدا ڕیشاڵ و ڤیتامین و كانزای تێدایە.
مادەم میوە ژەهر نییە كەواتە ئایا ئاساییە بە ئارەزووی خۆمان و هەر چ بڕێك بیخۆین؟
نەخێر ئاسایی نییە بە ئارەزووی خۆمان چەند حەز بكەین میوە بخۆین، چونكە هەر كەسێك پێویستییەكی جەستەی دیاریكراوی هەیە، كە دەبێت بەشی ئەوە خواردن بخوات كە دەیسوتێنێت بۆ ئەوەی چەوری زیادە پێویست لە لەشدا كۆ نەبێتەوە، بۆیە كاتێك تۆ زۆر لە پێویستی لەشت زیاتر دەخۆیت ئیتر لە هەر گروپە خۆراكێكەوە بێت ئەوا ئەو وزەیەی لە لەشی تۆ زیاد بووە لە شێوەی چەوری زیادە هەڵدەگیرێت و دەبێتە هۆی قەڵەوی، چونكە میوەش وەك هەموو گڕوپە خواردنەكانی تر كالۆری و شەكری تێدایە هەرچەند شەكرەكە سروشتیش بێت نابێ زیادەڕوویی بكرێت، واتە ڕەنگە زیادەرۆی كردن لە خواردنی میوەش ماكی بەدوادا بێت و هۆكارێك بێت بۆ قەڵەوی.
*چ كەسێك گرنگە ئاگاداری بڕی ئەو میوانە بێت كە ڕۆژانە دەیخوات؟
- لەو كەسانەی كێشی زیادە و قەڵەوییان هەیە دەبێت ئاگاداری بڕی هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەبن كە ڕۆژانە دەیخۆن و دەیخۆنەوە. چونكە هەموویان كالۆری (وزەیان) تێدایە.
- ئەو كەسانەی شەكرەیان هەیە و شەكرەكەیان كۆنترۆڵ نییە، ئەوا دەبێت پێدا چوونەوە بكەن بە بڕ و جۆری خۆراكی ڕۆژانەیاندا بە گشتی و بە تایبەتی ئەو خواردن و خواردنەوانەی شەكر یان كاربۆهایدراتیان تێدایە، میوەش یەكێكە لەو خواردنانەی دەبێت بڕەكەی كەم كەنەوە لەو حاڵەتانەدا.
یەكەم: ئەو كەسانەی كە چەوری سیانی لە خوێنیاندا بەرزە.
دووەم: ئەوانەی چەوری ناو ورگ و جگەریان هەیە.
سێیەم: ئەو كەسانەی كە لەسەر پلانی تایبەتن وەك لە كاتی جێبەجێكردنی پلانی كیتۆ یاخود قۆناخە یەكەمەكانی پلانی ئەتكینز یان هەندێك لە پلانەكانی تری دابەزاندنی كێش، كە میوە تیایاندا رێگە پێدراو نییە.
چوارەم: لەو كەسانەی كە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە دەبێت ئاگاداری هەندێك میوە بن كە پۆتاسیۆمیان تێدا بەرزە و لە جیاتی ئەوە ئەو میوانە بخۆن كە رێژەی پۆتاسیۆمیان تێدا كەمە.