کێ دەبێتە سەرپەرشتیار؟
زارى کرمانجى-سۆران:
ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاریى ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش سوێندى یاسایى خواردو وەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەستبەکار دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢ى کانوونى یەکەمى ٢٠٢٤، یەکەم دانیشتنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاریى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران سوێندى یاسایى خواردو بووە ئەندامى پەرلەمان، بەپێى یاساش ناتوانێت وەک سەرپەرشتیاریى ئیدارەى سۆران بمێنێتەوەو واژوو لەسەرهیچ نوسراوێکى فەرمى بکات.
هەڵگورد شێح نەجیب، دواى سوێندخواردنى وەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، لە ئێستادا ئیدارەى سۆران بێ سەرپەشتیارە دەمێنێتەوە، تا ئێستەش هیچ کەسێک بۆ پۆستى سەرپەرشتیارىى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دیارینەکراوە، پێشتر چەند کەسێک بۆ ئەو پۆستە ناوى هێنراوە، بەڵام تا ئێستە بە فەرمى هیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە.
لاى خۆیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى گووتى: ”ئەمڕۆ بە شێوەیەکى فەرمى وەک ئەندامى پەرلەمان، سوێندى یاساییم خوارد، بەڵام لە داهاتوو حزب و حکومەت هەر شوێنێک بۆمن دەستنیشان بکات، ئەوە پابەند دەبم بڕیارەکە جێبەجێ دەکەم”.
بەپێى ماددى ٢٢ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، لە خاڵى سێیەمدا هاتووە، ”لە ڕێکەوتى ئەنجامدانى ( سوێندخواردن)ى یاساییەوە، ئەندام بەدەست لە کارکێشانەوە لە کارەکەى پێشوویدا دادەنرێت، پێویستە پەیوەندى لەو کارە بپچڕێت و بەخۆ تەرخانکردنى تەواو، بۆ کارى پەرلەمان پابەند بێت.

































































