شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی:
جوانی پێناسەی جیاوازی هەیە و پێوەرەكانی بە تێپەڕبوونی كات دەگۆڕدرێن، هەروەها زۆرێك لە خانمانیش سەرەڕای ئەو جوانییە سروشتییەی كە هەیانە زیاتر گۆڕانكاری لە دەموچاویان دەكەن بۆ ئەوەی جوانتر دەربكەون.
لەمبارەوە توێژینەوەیەك لە فەڕەنسا لەسەر ژمارەیەك پیاو ئەنجامدراوە و دەریانخستووە” سەرنجڕاكێشترین ئافرەت لە چاوی پیاوان ئەوانەن كە ڕوخسارێكی سادەیان هەیە و كەمتر ماكیاژ دەكەن، لەم توێژینەوەیەدا 169 پیاو لە باشووری فەڕەنسا هەڵبژێردران و ڕوخساری بەشێك لەو خانمانە لەسەر شاشە پیشاندران كە سادەن و بەشێكیشییان نەشتەرگەری جوانكاریان ئەنجامداوە و داوا لەو پیاوانە كراون هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، ئەمەش دەریخست زیاتر دەم و چاوی سادە و بێ ئەنجامدانی جوانكاریان بەلاوە جوانتر و سەرنجڕاكێشترە.
هەر لەم توێژینەوەیەدا زیاتر ئاماژە لە پێوەرەكانی جوانی كراوە، كە بریتین لەمانە:
- دەموچاوی سادە: ئەو خانمانەی ڕووخسارێكی سادەیان هەیە جوانترن لەوانەی كە زیادەڕووی دەكەن لە نەشتەرگەرییەكان.
- ماكیاژێكی سووك یاخود زۆر كەم: پیاوان هەمیشە حەزیان لەو خانمانەیە كە ڕووخسارێكی سروشتییان هەیە و كەمتر ماكیاژ دەكەن، بۆیە وا باشترە خانمام زیادەڕەوی نەكەن لە ماكیاژكردن.
- زەردەخەنە: سەرنجڕاكێشترین ئافرەت ئەوانەن كە زەردەخەنە دەكەن و بەردەوام ڕووخسارێكی دەم بە پێكەنینیان هەیە.
-جوانی ڕواڵەت: ئەگەر خانمان بیانەوێت سەرنجڕاكێش بن، باشتر وایە زیاتر گرنگی بە شێوەی خۆیان و جل و بەرگەكانیان بدەن، چونكە زۆربەی پیاوان گشتگیرن و گرنگی بە وردەكارییەكان نادەن، جلوبەرگ و دەم و چاو یەكێكن لەو پێوەرانەی زووتر دەكەونە بەرچاوی كەسی بەرامبەر، بۆیە هەوڵبدەن ڕەنگی تازە و دیزاینی جیاواز لە جلەكانتان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی جوانتر دەربكەون.

































































