مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری ئەوقافی هەرێم ئاشكرای دەكات پشكی هەرێمی كوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 كەس بوو، كەچی نزیكەی 15 هەزار كەس لە دەرەوەی ڕێكارەكانی وەزارەت چوونەتە حەج.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیران ڕاگەیاند “ئەمساڵ لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە، چوار هەزار و 685 كەس پرۆسەی حەجیان ئەنجام داوە كە پشكی هەرێمی كوردستان بووە لە عێراقدا، بەشێكی زۆریان لە ڕێگەی فڕۆكەوە و بەشێكی كەمیان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە گەشتەكەیان كردووە و لە ڕێگەی 42 كەسەوە سەرپەرشتی پرۆسەكە كراوە و كارەكانیان لە سعوودیە بۆ كراوە.”
وەزیری ئەوقاف باس لەوەش دەكات كە خەڵكانی تریش لە ڕێگەی ڤیزای گەشتیاریی و “ڤیزای موجامەلە”وە گەشتیان كردووە كە هیچ پەیوەندییەكی بە وەزارەتی ئەوانەوە نەبووە.
ئاشكراشی دەكات كە نزیكەی 15 هەزار كەس لەو ڕێگایەوە گەشتی سعوودییان كردووە.
ژمارەی ئەو حاجییانەی ئەمساڵ لە كاتی بەجێ گەیاندنی حەج گیانیان لەدەستداوە 30 كەس بوونە، پشتیوان سادق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە 29 لەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئەوانە بوونە كە بە ڤیزای گەشتیاری چوونە حەج.