زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەو جەژنەدا 130 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سۆرانیان كردووە، لەو ڕێژە 20 هەزار گەشتیار لە دەرەوەی كوردستان هاتوونە.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن لیژنە و بازگەكانەوە دەستمان كەوتوون، لە پشووی جەژنی قوربان 130 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان كردووە.
گوتیشی: لەو ڕێژەیە بیست هەزار گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە سنووری ئیدارەی سۆران، جگە لەو گەشتیارانەی كە لە فڕۆكەخانەكان هاتوونە.
د. فەیسەڵ سادق، دەشڵێ: زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار، بە شەو لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە تایبەت لە ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەری باڵەكایەتی و چۆمان ماونەتەوە.