شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توانا ئەقڵییەكان، دەڵێت” هیچ ئامارێكی ورد لە عێراق و هەرێمی كوردستان نییە لەسەر گیان لەدەستدان بەهۆی جگەرە كێشانەوە.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توانا ئەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” تا ئێستا هیچ ئامار و داتایەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەندە ورد و بەشێكی تایبەت بەوەیان نییە دیاری بكەن چەند كەس بەهۆی جگەرە كێشان گیان لەدەست دەدەن، هەرچەندە وەك هەموومان دەزانین كەسێك كە تووشی شێرپەنجە و جەڵتەی مێشك ببێت و جگەرەكێشیش بێت هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ جگەرە، بەڵام لە ئامار و داتاكانیان هۆكاری مردنەكە دیارینەكراوە.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی كرد” لە ئامارەكانی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان، هۆكارەكانی مردن زیاتر بەهۆی رووداوەكان، جەڵتەی دڵ و مێشك، شێرپەنجە، نەخۆشییە درێژخایەنەكان، پەككەوتنی ئۆرگانیكەكان و هەوكردنی میرۆبەكانە.
ئەوەشی خستەڕوو” ئەمساڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە راپۆرتی خۆی لەسەر ئاستی جیهان، ئاماژەیان بەوە داوە، لە هەر چوار چركە كەسێك بەهۆی جگەرەكێشان گیان لەدەستدەدات بەراورد بەو ژمارانەی ساڵانە ئاماژەیان پێداو بوو، كە چی وڵاتە پێشكەوتووەكاندا ئاماریان هەیە كە هۆكاری مردن دەگەڕێننەوە بۆ جگەرە كێشان.