مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پەرلەمانی عەرەبی ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات و هێرشەكە بە پێشێلكارییەكی ئاشكرا بۆ سەروەری كۆماری عێراق و ئاسایشی گەلەكەی ناو دەبات و دەشڵێت “ئەم دەستدرێژییە ئێرانییە، كە ڕەچاوی سادەترین ڕێساكانی ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی باشی نەكرد.”
پەرلەمانی عەرەبی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـى كانوونی دووەم، ڕاگەیاندراوێكی لەسەر هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و دەڵێ “بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین كە ئێران بە بۆردوومانی شوێنی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر بە مووشەكی بالیستی ئەنجامیاندا و ژمارەیەك قوربانی بێتاوان و برینداری لێكەوتەوە.”
لە ڕاگەیاندراوەكەی پەرلەمانی عەرەبی جەخت لەوە كراوەتەوە كە “ئەم دەستدرێژییە ئێرانییە، ڕەچاوی سادەترین ڕێساكانی ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی باشی نەكرد، پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەروەری كۆماری عێراق و ئاسایشی گەلە ئازیزەكەی، هەروەها دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی، چونكە ئەو ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عەرەبی و هێرشكردنە سەر عێراق هێرشێكە بۆ سەر نەتەوەی عەرەب.”
پەرلەمانی عەرەبی، لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاوسۆزی تەواوی لەگەڵ كۆماری عێراق دەربڕیوە لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی كە دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی، هەروەها سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان دەكات.