ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە زیاد خەلەف، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی (التنمیە)ــی عێراقی كرد،
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گەشەپێدانی ئابووری و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی بانکی کرا، ئاماژە بەوەش درا کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، زەمینەی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لەبارە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی (التنمیە)ــی عێراقی، خۆشحاڵیی خۆی بەرانبەر بە دیدگای سەرۆکی حکوومەت لەبارەی هەمەچەشنکردنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخان و پێشخستنی سیستەمی بانکی دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت لە پێناو پێشخستنی سیستەمی دارایی و ئابووری، پشتیوانیی خۆی بۆ بانکەکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.

































































