ن/ ئیسماعیل ئیبراهیم
بەهاری عەرەبی كۆتایی بە كۆمەڵێك دەستەڵاتی دیكتاتۆری ناوچەكە هێنا و گۆڕانكاری زۆری لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەكە دروست كرد.
ئەگەر چی بەهاری عەرەبی بەهۆی دواكەوتوویی سیاسی و كۆمەڵایەتی زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە گەیاند، بەڵام دواجار كۆتایی دیكتاتۆرییەت بوو.
ئێران وەك وڵاتێكی خاوەن هەژموون، دەستێكی باڵای هەبوو لە هەموو ئەو رووداوانەی لە ناوچەكە هاتە پێش، بە جۆرێك تا ئێستاش هەژموونی خۆی لە سوریە، عێراق، یەمەن و لیبا پاراستووە و هەوڵی بەهێز بوونی زیاتریشی دەدات، بەڵام ئەمە لەسەر حیسابی برسی كردنی هاووڵاتییانی خۆی بوو، بە تایبەتی دوای گەمارۆكان و دارمانی ئابووری ئەم وەڵاتە، بە شێوەیەك كە برسییەتی بەڕۆكی زۆربەی خێزانەكانی ئێرانی گرتەوە، لە پەنای ئەمەشەوە ئەو رەفتارانەی دەستەڵاتی ئێرانی لە ئاستی پێكهاتە جیاكانەوە دەكات و لە هەر جۆرە سەركوب كردنێكەوە دەستی ناپارێزێت، بەرەو لێواری مەرگی دەستەڵات بردوویەتی.
ئەشكەنجەدان، سێدارە، زیندانی كردنی چاڵاكانی سیاسی مەدەنی، نووسەران، رۆشنبیران، هونەرمەندان و كەمە ئایینی و مەزهەبییەكان، هۆكاری لەق بوونی پایەكانی هێزی دەستەڵاتداری ئێرانن، زۆری ماددەی هۆشبەر، لەشفرۆشی لە ئەنجامی هەژاری، زۆری بوونی ئایدز لە نێو گەنجان، بێكاری و نارووشنی داهاتووی گەنجان، لێكترازان كۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە، هەموو ئەمانە وادەكات ئیتر ئێران بەرەو گۆڕانكاریی ریشەیی بڕوات، ئەگەر ئەم سەرهەڵدانەش بە هەر هۆیەكەوە كپ بكرێتەوە، بەڵام دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، ئێستا ئێرانێك كە هەژموونی بەسەر وەڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە زۆر بوو، خەریكە بەهاری ژینا ئەمینی پێگەی تا ئاستی روخان لاواز دەكات.