وەرزش ـ زاری كرمانجی :
ناسر ئالخلێفی سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمان، ڕەخنە لە یانەی ریال مەدرید دەگرێت، چونكە دوای بردنەوەی نازناوێك ئاهەنگی سەركەوتنیان گێڕاوە.
سەرۆكە عەرەبەكەی پاریس، لەنوێترین چاوپێكەونیدا كە پێگەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ” ـی كەتەلۆنی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت، شەرمە بۆ ریال مەدرید كە ئاهەنگی سەركەوتنی بەهۆی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ گێڕاوە.
خلێفی دەڵێت: زۆر سەیرە ریال مەدرید لە پێشبڕكێییەكی یوێفا ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی گێڕاوە، لەكاتێكدا سەرۆكی یانەكە سەرقاڵی ئەنجامدانی سوپەرلیگ بوو.
لە درێژەی ئاخاوتنەكانی ناسڕ ڕایگەیاند:” بێگومان چامپیۆنزلیگ بەهێزترین ركابەرییە لەسەر ئاستی جیهان. پێم سەیرە بەرانبەر ریال مەدرید بەشداریی تێدا دەكات و ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ نازناوەكە چێژ لەوە وەردەگرێت بەڕاستی نامۆیە.
لەدوا گوتەكانیدا خلێفی ئاماژە بەوەدەدات:” پێرێز، هەوڵدەدات پاڵەوانێتیەكی نوێ دروست بكات، ئێمەش كاتەكانمان بەو بابەتە لاوەكیانە بەفیڕۆ نادەین و هەوڵی بەرەو پێشڤەچوون دەدەین.”
سوپەرلیگ پڕۆژەیەكی هاوبەشی پێرێز، لاپۆڕتا و ئەندریا ئانێلی سەرۆكی یوڤێنتۆس بوو، بەبەشداری یانەكانی یوڤێنتۆس، ئەی سی میلان ئینتەر میلان، لەئیتاڵیا مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپووڵ، ئارسێناڵ، مانچێستەر سیتی، چێڵسی و تۆتنهام لەپرێمەرلیگ. ریال مەدرید، بارسێلۆنا و ئاتلیتیكۆ دی مەدرید لەلالیگا پشكداربوون، دواتر سەرجەمیان كشانەوە بەدەر لە ریال، بارسا و یوڤێ كە ئێستاش كار لەسەر زیندووكردنەوەی پڕۆژەكە دەكەن، چون پێیان وایە لەنێو كێبڕكێییەكانی یوێفادا مافیان خوراوە.