زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، چەند ڕێگەیەكی سەرەكی دیاری دەكات بۆ دابەزاندنی كێشی مرۆڤەكان.
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” سێ ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی كێشی لەشت ئاسایی بێتەوە، لەوانەش وەرزش كردن، بەكارهێنانی دەرمان و پارێزكردن، كە لە خوارەوە بە ڕوونی باسیان دەكەین.
1-پارێزی كردن لە خواردن: ئەمەیان بە سێ ڕێجیمی تایبەت دەكرێت، ڕێجیمی كەم كاربۆهیدرات Low Carb ، لەمەیان كەسەكە پێویستە شیرینی، نان و برنج زۆر كەم بكاتەوە.
-ڕێجیمی كیتۆ، ئەویش لەجیاتی كاربۆهیدرات گرنگی زیاتر دەدات بە چەوری و پڕۆتین.
- هەروەها ڕێجیمی ڕۆژووی پچڕ پچڕ، واتە كە یەك ژەم نان دەخۆیت بە ئارەزووی خۆت و دوای ئەوە تا ڕۆژی دواتر هیچ شتێك ناخۆیت.
-بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە هەڵبژاردنی جۆری ڕێجیمەكان بەپێی ویستی كەسەكە، شێوازی ژیانی و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی دەگۆڕێت. 2-ڕێگەی دووەم بۆ كێش دابەزاندن بریتییە لە وەرزش كردن: تەنها جوڵەی ڕۆژانە بەس نییە بۆ كێش دابەزاندن، بەڵكو پێویستە وەرزشێكی بە بەرنامەت هەبێت، ڕۆژانە یەك كاتژمێر بەلایەنی كەمی 4 ڕۆژ لە هەفتەیەكدا، هەر جۆرە وەرزشێك بێت باشە وەك ڕۆیشتن بە پێ، ڕاكردن، وەرزشی ناو هۆڵ، ئامێری وەرزشی ماڵەوە، مەلەكردن و دوو گۆڵی.
3- سێییەم ڕێگە بۆ چارەسەری قەڵەوی بریتییە لە بەكارهێنانی دەرمان، ئەم ڕێگەیە پێویستە دوای هەندێ پشكنینی تایبەت ئەنجامبدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی قەڵەوی وەكو غودەی تەمبەڵ، گرێی پەنكریاس، نەخۆشی كوشینگ، كیسی هێلكەدان، هەندێ نەخۆشی مێشك و خواردنی دەرمانی تایبەت.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” ئەو دەرمانانەی بۆ كێش دابەزاندن بەكاردێت بریتین لەو جۆرە حەبانەی كە نەخۆشەكە پێش نان دەیخوات و چەوری لەشی دادەبەزێنێت، ئەو دەرمانانەی كالۆری لەش دەسوتێنێت، لەگەڵ ئەو دەرزیانەی ڕۆژانە یان هەفتانە دەكرێت و ئارەزووی خواردن و هۆرمۆنی ئەنسۆلین كەم دەكەنەوە و بەمەش كێش دادەبەزێنن، بەڵام لێرەدا ئەوەی گرنگە باس بكرێت هیچ یەك لەم جۆرە دەرمانانە سوودیان نابێت ئەگەر كەسەكە پارێز و وەرزش نەكات لەگەڵی.