مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
نەبەز رەفعەت، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران بە وەكالەت، بە زاری كرمانجی، راگەیاند: چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سۆران پێشكەش بە جووتیاران كراون، وەكو كردنەوەی خولێكی دوو رۆژی بۆ جووتیارانی سۆران كە لە ژێر چاودێری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، لە رابردوو خزمەتمان بە جووتیاران كردووە و خولی سەرپەرشتی جووتیارمان كردۆتەوە و 117 سەپەرشتیارمان راهێناوە و ئەو سەرپەرشتیارانە دێن بە پڕۆژەكانیانەوە كار بۆ پێشكەوتنی ئەو كەرتە دەكەن، لە رووی یاساییەوە یاساو رێنمایەكی باشمان لەگەڵیان جێبەجێ كردووە رێنمای كاركردنی باشمان پێداون و هەوڵمان داوە بابەتەكان بە فەرمی بكەین، ئەو گرێبەستانەی كە كۆن بوون نوێمان كردوونەتەوە و ئەوانەی بەكەڵك نەهاتوون نەمان هێشتووە، چاودێری ئاسایشی خۆراكمان باشتر كردووە لە بازاڕدا.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران بە وەكالەت، دەشڵێت: ئەو كەسانەی بەروبوومی كشتوكاڵی بە ئاوی پیس ئاو دەدەن، ئیجرائاتی یاسایمان لەگەڵ كردوونە، پڕۆژەیەكی تریشمان ئەوەیە كە هەڵساوین بە نووسینی ناوی جووتیارانمان بۆ كرینی ئامێرە كشتوكاڵییەكان بۆ ئەو پڕۆژە كشتوكاڵیانەی كە لەو سنوورە هەنە و بە بەردەوامی كاردەكەین بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە ئیدارەی سۆران.