زاری كرمانجی – هەولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئەیلوول، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئهنجوومهن ، ئهنجوومهنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بەدواداچوونی ئهنجوومهنی وەزیران بۆ بابەتی رێکخستنی دەستی کار و رەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانە و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی، لە رێگەی تەرخانکردنی رێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکانی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی.
ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا رەشید وەزیری پلاندانان و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە حکومەت هەموو ئاسانکارییەک و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، هەروەک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە، لەم رووەوە، حكومەت هانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکومەت سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە لایەنی کەم رێژەی %70 دەستی کاریان ، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، بە پێچەوانەوە، دەبێ رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها پێویستە میکانیزمی پێویستیش هەبێت بۆ راهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کار لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکان کە ببێتە ناوەندی بەیەکگەیاندنی داواکارانی کار و خاوەنکارەکان.
لەهەمانکاتدا جێگری سەرۆک وەزیران، وێڕای پشتگیریكردنی گوتەکانی سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگی ئامار و زانیارییەکان و هەبوونی داتا سەنتەر و ناوەندی دۆزینەوەی کار كرد تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ دابینکردنی هەلی کار، هەر لەم روانگەیەشەوە، داواکرا پەرلەمانی کوردستان، پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار، کە ستراتیجێکی نوێی داڕشتوە بۆ پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار . هەروەها پەلە بکرێت لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی باشی بڕیوە و بە جێبەجێکردنی ئەم دوو یاسایە، چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ و هاوچەرخ دێتە ئارا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیی کرێکاران و پاراستنی و دابینکردنی ئیمتیازات و مافەکانیان، بە تایبەتی بۆ خانەنشینان . لەهەمانکاتدا برەودان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابووریی.
هەروەها ئاماژە بە رێنمایی نوێی رێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە رەشنووسەکەی لە لایەن دارا رەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، رێکخستنەوەی هێزی کاریی بیانییە لە هەرێم، بەجۆرێک لە خزمەتی بازاڕی کار بێت و لەهەمانکاتیشدا ئەولەویەت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بێ لە دەرفەتەکانی رەخساو بۆ کار و مافی ئەو کرێکارە بیانیانەی لە هەرێم کاردەکەن بپارێزێت لەبەر رۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. ئهنجوومهنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی رێنماییەکان بە رەچاوکردنی ئەو تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانە روو.
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئهنجوومهنی وەزیران بڕیاریدا، لە بەر رۆشنایی هەموو ئەو تێبینی و راسپاردانەی بۆ ئهنجوومهن خرانەڕوو ، دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئهنجوومهن.
لە بڕگەی دووەمدا، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئەرک ومافەکانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 رەشنووسی پەیڕەوی تایبەت بە ( پێکهاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی ) لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو، کە تایبەتە بە دانانی رێسا و رێکاری نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشکی (لە نەخۆشخانە گشتیەکان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەکان) لە دەرەنجامی کەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبوونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێک کە ناگونجێن لە گەڵ رێساکانی پیادەکردنی پیشەی پزیشکی و چارەسەرکردن و لە ئەنجامدا، بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە نەخۆش یان کەمئەندامبوون یان گیان لەدەستدانیان.
ئهنجوومهنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و جەختکردنەوە لە پاراستنی مافی نەخۆش و دڵنیابوون لە پیادەکردنی بنەما کارپێکراوەکانی پیشەی پزیشکیی و چارەسەرکردن و لە روانگەی کاراکردنی رۆڵی حکومەت و دامەزراوە تەندروستیەکان، لە چاودێریی و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، لەدوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، باس لە رەشنووسی ( یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان ) کرا کە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە . تا ئێستاش چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کراوە بۆ ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی رەشنووسی یاساکە و پێکهاتەکانی دەزگاکە. ئهنجوومهنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبوونەوەی داهاتوو، بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسەکە بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی .