وەزارەتی كشتۆكاڵ شەش ڕێكاری بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەركردووە
زاری كرمانجی – سۆران :
وەزارەتی كشتوكاڵ لە راگەیاندراوێكدا داوای كۆنترۆڵكردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەكی نافەرمی دەكات و داواش لە هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا شەش رێكاری بە پەلەی دەركردووە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
ڕێكارەكانەكانیش ئەمانەن:
یەكەم: پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانە فەرمییەكان سەر ببڕدرێن و بە پشكنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاكان و لاكۆڵانەكان قەدەغەیە.
دووەم: دەبێت پشكنین بۆ ئاژەڵەكان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بكرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەكە.
سێیەم: پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و كەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەكاندا ڕەچاو بكرێت.
چوارەم: كەرەنتینەكانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆكەخانەكاندا، پێویستە پشكنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بكەن كە دێنە ناو هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەكان.
پێنجەم: وەزارەتی كشتوكاڵ ڕێكاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینكردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی (قڕنە) كە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەكان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەبێت.
شەشەم: كۆنترۆڵكردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەكی نافەرمی و لە سنوورەكانی دەرەوە و نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی كە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.