زاری كرمانجی- سۆران:
دەروونناسی بریتییە لە لێكۆڵینەوە لە دەروون، فشارە كۆمەڵاتییەكان و هۆكارە ژینگەییەكان كە كاریگەریان لەسەر چۆنیەتی بیركردنەوە و هەڵسوكەوت و هەستكردنی مرۆڤەكان هەیە، مرۆڤ بە بەدەستهێنانی تێگەیشتنێكی قووڵتر لە دەروونناسی دەتوانێت كردارەكانی خۆی ببینێت و تێگەیشتنێكی باشتر لە كەسانی دیكە بەدەسبهێنێت.
پزیشكێك رێنمای دەروونی دەداتە ئەو كەسانەی تووشبووی نەخۆشی خەمۆكین
د. تارا كەریم، پزیشكی گشتی دەروونی و دەرمانساز، ئاماژە بە هەندێك رێنمایی دەكات بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی خەمۆكیان هەیە و دەڵێت: بەشێكی زۆر لە نەخۆشەكان تەنها بە گوێڕایەلی و جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە چاك دەبنەوە یاخود لە پاڵ دەرمان و چارەسەری دەروونی هاوكاریان دەكات بۆ چاك بوونەوە.
- هەر كات هەستكردن بە نەخۆشی خەمۆكیت هەبوو ئەوا راستەوخۆ سەردانی پزیشكی دەروونی بكە و داوای هاوكاری لێبكە.
- ئەگەر پزیشكی دەروونی دەرمان یاخود چارەسەری دەروونی بۆ دانایی ئەوا بەشێوەیەكی رێك پەیوەستبە پێیانەوە و وازیان لێ مەهێنە بەبێ راوێژكردن بە پزیشكەكەت.
- وەرزشكردن دەبێتە هۆی دەردانی دەمارە خانەكان كە بەهۆی خەمۆكییەوە دەردانیان كەمبۆتەوە، هەروەها هاوكارە بۆ دروستبوونی پەیوەستی نوێی نێوان دەمارە خانەكان، پێویستە بۆ ماوەی 30 بۆ 60 خولەك رۆژانە وەرزش بكەیت، ئەمەش دەتوانیت تەنها بە راكردن و پیاسەكردن ئەنجامی بدەیت.
- خەو و خواردنی باش زۆر زەروورە و تێكچوونی خەو و خواردن نیشانەی خەمۆكین و بەشێكن لە نەخۆشییەكە، بەڵام بە ئەنجامدانی خەوێكی تەندروست بە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خەوێكی دروست و خواردنی باش و وزەبەخش دەتوانرێت بەسەر ئەو دوو نیشانەیەدا زاڵبن و كەمیان بكەیەوە، زۆرجار بێ خەوی هۆكاری دڵتەنگییەكانە.
- پاڵپشتی كۆمەڵایەتی، پێویستە كەسی تووشبوو داوای یارمەتی بكات لە چواردەورەكەی لە كاتی پێویستدا، پشتگیریكردن بۆ نەخۆشەكە كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر چاكبوونەوە.
- گەڕان و گەشت، بینینی سروشتی چواردەور و تێكەڵبوون بە خۆشەویستان كارێكی پێویستە بۆ نەخۆشانی تووشبووی خەمۆكی، پێویستە كەسی تووشبوو تێكەڵی خەڵك ببێت و پەیوەندی دروست بكات و گۆشەگیر نەبێت.
- كەمكردنەوەی فشارەكان، پێویستە خۆت دوور بگرێت لە فشاری دەروونی و كەمیان بكاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر كێشەیەكی تایبەتی لەگەڵ هاوسەری هەبوو راستەوخۆ چارەسەری بكات نەك دوای بخات و لە دەروونیدا بەردەوام بیری لێ بكاتەوە.
- ئەنجامدانی میكانیزمەكانی خۆخاوكرنەوە، وەكو هەناسەدانی قول یاخود خاوكردنەوەی ماسوولكەكان.